ئاماژەكانی وەشاندنی گورزێكی ئەمریكی لەناو عێراق

28/01/2020 - 17:36 نشر في وتار

محه‌مه‌د عه‌لى وه‌لى

دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی ھێزە بیانییەكان بە گشتی و ئەمریكییەكان بەتایبەتی، ھەروەھا ھێرشە یەك لەسەر یەكەكان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدای پایتەخت، كە دوایین ھێرشیان شەوی ٢٦\٢٧ ئەم مانگە بوو، تادێت ئاماژەكانی وەشاندنی گورزێكی سەرباری لەناو عێراق دا روولە زیادبوونە.

لە بنەڕەتدا ھێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی ھەر وڵاتێك وەك راگەیاندنی شەڕە لە دژی ئەو وڵاتە، نەك بێزاری و نیگەرانی دەربڕین لە مامەڵەی باڵوێزخانەكە لە وڵاتی خانەخۆێ.

لەماوەی دووبرۆژی رابردوودا چەندین ئاماژەی ھێرشێكی سەربازی دەركەوتوون كە ئەمریكا دەكاتە سەر چەند گروپێكی چەكداری و سەركردە سەربازییەكانی ئەو گروپانەی لای ئەمریكاوە بەو ھێرشانە تۆمەتبار دەكرێن، یەكێك لەو ئاماژانە، ئەمریكا لە ئێستادا لە رووی میدیاییەوە دەیەوێت زەمینەسازی بۆ ھێرشەكەی دەكات، بەتایبەتی ئەو سیاسییانەی ھاوسۆزن لەگەڵ ئەمریكا و ئەو حزب و لایەنانەی خوازیاری بوون و مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكان لە عێراق.

ئاماژەیەكی تری ئەو ھێرشە برینداربوونی ئەمریكییەكانە لە ئەنجامی ھێرشە موشەكییەكان و، دەستگیرنەكردنی ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشانە لەلایەن عێراق.

سەرباری ئەوەی زۆرێك لە چاودێران و شارزانی ستراتیژی ئەمنی و سەربازی باس وەڵامدانەوەی ئەمریكا دەكەن بۆ ئەو ھێرشە موشەییانەی دەكرێنە سەر باڵوێزخانەكەی لە بەغدا، ھاوكات بەرپرسانی كۆشكی سپی و راوێژكارانی ترەمپ، ھێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و ھێزە جەكدارە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران بەدوور نازانن، وەك ئەوەی گابریال سوما ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەڵامی توندی دەبێت، بۆ سەر ئێران و گروپە چەكدارەكانی عێراقییەكانی نزیك لە ئێران.

دیارترین ئاماژە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مایك پۆمپیۆ یە لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پۆمپیۆ زۆر بەتوندی توڕەیی خۆی لەسەر ئەو ھێرشانە دەربڕیوە، كە دەكرێنە سەر دامەزراوە و باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە عێراق، عێراقیش گرنگی پێنادات و پشتگوێی خستوون، ھێزە عێراقییەكان نەیانتوانیوە سەركێشی ئەو گروپە چەكدارە ترسناكانە راگرن، وەك ئاماژەیەك بۆ بەكارھێنانی ھێزی ئەمریكا لە ھەلومەرجی بێتوانایی سەربازی عێراق، ھەر ئەمڕۆش سەبارەت بە بارودۆخە ئەمنییەكەی عێراق و روژھەڵاتی ناوەڕاست مارك مەیلی سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئەمریكی ھاوبەش پەیوەندی بە عوسمانی غانمی سەرۆكی ئەركانی عێراقی ھاوبەش ـەوە كردوە، ھیچ یەك لەو پەیوەندییان پێنوێنی سەربازیی باش نەبوون.