گه‌نده‌ڵیی وه‌ك خوو، گه‌نده‌ڵیی وه‌ك كولتوور

14/01/2020 - 18:26 نشر في وتار

د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی

په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: (گرفتی گه‌وره‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی و داهاتی نه‌وت و خاڵه‌ سنوریه‌كانه‌)!

ئه‌مه‌ دوا لێدوانی هاورێی خۆشه‌ویست (كاك عه‌لی حه‌مه‌ساڵح)ه‌ بۆ سایتی خه‌ندان، به‌ ئیجازه‌ى به‌رێزیان ئه‌مه‌وێت بڵێم: راسته‌ هه‌موولا دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ گه‌نده‌ڵیی تا بینه‌قاقای حوكمرانی هه‌رێم هاتووه‌، دروسته‌ كه‌ حكومه‌ت هاتۆته‌ سه‌رخه‌ت و بۆ سومعه‌ى خۆشی بێت ده‌یه‌وێت شتێ به‌ شتێ بكات، ئه‌وه‌ش راسته‌ كه‌ په‌رله‌مان یاسا و پرۆسه‌یه‌كی چاكسازیی له‌به‌رده‌سته‌ و نیه‌تی هێناوه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ جارانی تر نه‌چێت و بۆ لاساییكردنه‌وه‌ى به‌غداش بێت هه‌ر ئه‌بێ وه‌ڵامێكى بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ پێ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م راستیانه‌ ده‌كاته‌ بڵقی سه‌رئاو و ئومێده‌كانت لا ده‌كوژێنێته‌وه‌، ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌یه‌ كه‌ به‌رۆكی سیستمی حوكمرانی و دام و ده‌زگاكان و به‌شێكی زۆر له‌ به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه‌ خێر له‌ خۆنه‌دیوه‌ى گرتووه‌ و هه‌وڵه‌كان بۆ چاكسازیی و پاكسازیی ده‌هێنێته‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م !

ئه‌وه‌ى كه‌ ناچارت ده‌كات نیوه‌ به‌تاڵه‌كه‌ى په‌رداخه‌كه‌ ببینیت و ببیته‌ به‌شێك له‌ گروپی ره‌شبینه‌كان، ئه‌و هه‌واڵانه‌یه‌ كه‌ لێره‌و له‌وێ له‌سه‌ر به‌ردوامیی خووی قێزه‌ونی واسیته‌ و واسیته‌كاریى و به‌رتیل وه‌رگرتن و مه‌حسوبیه‌ت و به‌حیزبیكردنی دام و ده‌زگاكانی میریی ده‌بیستیت و ده‌خوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ى ناچارت ده‌كات به‌م زمانه‌ بنوسیت و ئاخاوتن بكه‌یت، ئه‌و ژینگه‌ نه‌خۆشه‌یه‌ كه‌ به‌ ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵیی ته‌نراوه‌ و چووه‌ته‌ نێو شاده‌ماره‌كانی فه‌رمانگه‌ و رێكخراو و حزب و زانكۆ و دام و ده‌زگاگان و جه‌سته‌یه‌كی شه‌ته‌ك و ماندووی بۆ به‌جێ هێشتووین.

به‌ڵگه‌ى زۆرت ناوێ بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسانه‌، لیژنه‌ت ناوێ بۆ دۆزینه‌وه‌ى به‌رپرس و سه‌رانی ئه‌م واقیعه‌ پر له‌ نیگه‌رانیه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ئان و ساتی بریاره‌كانی په‌رله‌مان بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ى چاكسازیی و هه‌ر له‌و ساتانه‌ى سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنی سزادانی گه‌نده‌ڵكاران ده‌دات، هه‌ر به‌ پاراڵێڵ به‌ به‌ڵینه‌كان بۆ لێپرسینه‌وه‌ و گۆرانكاریی و دادگاییكردن، به‌ به‌رچاوى خۆته‌وه‌ ده‌بینیت زه‌وی كاكی به‌كاكی بۆ خزمان ته‌ملیك ده‌كرێن و دۆستانی حزب داده‌مه‌زرێنرێن و كوران و كچانی به‌رپرسان له‌ كه‌یف و سه‌فاى خۆیان ناكه‌ون و ئاپۆرای ئۆتۆمبێله‌ جام ره‌شه‌كانیش شه‌قامه‌كان زیاتر ده‌ته‌نن و ته‌زكیه‌ى حزبیی و ته‌لفونی به‌رپرسانیش هێشتا ده‌وای ده‌ردی زۆرێك له‌ نه‌كراو و ئه‌سته‌مه‌كانه‌ ! ئیتر مه‌گه‌ر هه‌ر ته‌نها بڵێیت : حسبنا الله و نعم الوكیل !

هه‌ربۆیه‌ له‌ فه‌زایه‌كدا كه‌ ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت پرۆسه‌ى چاكسازی ئه‌نجام بده‌ن و سزای ئه‌وانی دی بده‌ن، خۆیان پێویستیان به‌ (سزادان) بێت، له‌ فه‌زایه‌كدا شوێنی حه‌وانه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌ لایه‌ك له‌ شار داگیر بكات و به‌ چه‌ند دیوارێكی ئاسنین به‌ رووى هاوڵاتیاندا داخرابێت، له‌ فه‌زایه‌كدا كه‌س نه‌زانێت داهاتی ئه‌م وڵاته‌ به‌ چ میكانیزمێك و چۆن خه‌رج ده‌كرێت و ده‌زگای میدیایی زه‌به‌لاح به‌ پاره‌وپولی سه‌رچاوه‌ نادیار قوت بكرێنه‌وه‌، له‌ فه‌زایه‌كدا هێشتا به‌رێوبه‌رى خوێندنگه‌ و سه‌رۆكی زانكۆ و نوێنه‌رى هێڵه‌كانی هاتوچۆی پاسه‌كانی ناوشار له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ و ناوچه‌ و لق و مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ ئاراسته‌ بكرێن و هێشتا باره‌گا حكومیه‌كان وه‌ك باره‌گاى حزبی به‌كار بهێنرێن و هێشتا وێنه‌ى سه‌ركرده‌كان به‌ پرده‌كانی په‌رینه‌وه‌و فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان و به‌ قه‌باره‌ى په‌نجا مه‌تریى هه‌ڵبواسرێن و هێشتا له‌ نێوان كه‌متر له‌ كیلۆمه‌ترێكى رێگه‌ى سماقوڵی بۆ هه‌ولێر دوو بازگه‌ى پشكنینى مرومۆچ پێشوازیت لێ بكه‌ن، چۆن ده‌توانی ئومێدێكت هه‌بێ به‌و شته‌ى ناویان لێناوه‌ (پرۆسه‌ى چاكسازیی) !