عێراق بەرەو کوێ

04/01/2020 - 10:54 نشر في وتار

عومەر عەلی

ئەو ڕوداوەی کە ئەمڕۆ ڕویداو تیایدا دوو فەرماندەی سەربازی گەورە یەکیان عێراقی و ئەویتریان ئێرانی کوژران زیاتر ململانێکانی ئەمریکاو ئێرانی بەرەو توندو تیژی برد.ئەمە سەرەتای جەنگەکەیە،هەردوکیان بە عەقڵێکی سەربازی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن ،ئەمە شەڕێکە لەپێناو دەستگرتن بە سەر عێراقدا.پێم وایە هاتنەوەی قاسم سلێمانی بۆ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی سەربازی بوو،بۆ یەکلاکردنەوەی عێراق و لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا،بەڵام ئەمریکا دەست پێشخەری کردو پلانەکەی ڕاگرت.

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە،بەڵام کاردانەوەی ئەمجارە ئاسایی نابێت و ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا شەڕەکە بخاتە ناو ئێران.پێم وایە ئێران دەیەوێت ئەم شەڕە بە عێراقیەکان بکات،ئەویش سەرەتا هێزە عێراقیەکان دەخاتە بەردەم هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە،ئەویش ئەوەیە ئایا لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق یان نا بەمەش کوردو سوننە دەکەونە بەردەم بڕیارێکی سەخت.

لەدوای بڕیارەکەی پەڕلەمانی عێراق،حکومەت ڕاستەوخۆ دەکەوێتە دژایەتی ئەمریکا بەمەش ڕاستەوخۆ دەچێتە بەرەی ئێران.بەڵام ئەمریکاش پڕۆژەی کودەتایەکی سەربازی هەیە لە عێراقدا.کەواتە بەهەمو شێوەیەک عێراق دەبێتە قوربانی ئەو ململانێیە.کوردوستانیش لە زیانەکانی بەدور نابێت.