پەیامێکی کورت بۆ دایکان و باوکان!

02/01/2020 - 14:05 نشر في وتار

هێمن خورشید

پێش ئەوەی بەشوویان بدەن، کچەکانتان ئامادەی شووکردن بکەن!

خەریکە ڕێژەی جیابوونەوە لە ڕێژەی هاوسەرگیری نزیک دەبێتەوە... نەوەی نوێ بە کوڕ و کچەوە، ئاگایان لە ئەرکەکانیان نییە و هەموویان داوای ماف دەکەن... کیژی ئەمڕۆ زۆر خراپ لە ژیانی ژنومێردی تێگەیشتووە... پێویستە لە ئەلفوبێوە پێناسەی ئەو ژیانەی بۆ بکرێت.

کچان دەبێت تێبگەیندرێن، ژیانی دوای زەماوەند پڕپڕە لە بەرپرسیارەتی و هەنگاوێکە بەرەو گەورەبوون، نەک منداڵبوونەوە و نازونووز!

کچ دوای زەماوەند:
دەبێت بە کابان، چێشت لێ دەنێت، ماڵ ڕێک دەخات، میوان بەڕێ دەخات...

دەبێت بە ژن، بۆڵەبۆڵی پیاوی لەسەر زیاد دەبێت، دڵڕاگرتنی مێردی دەکەوێتە سەرشان، بەدەمەوەبوون و خزمەتکردنی مێرد دەبێتە بەشێک لە ئەرکەکانی...

دەبێت بە دایک، گریانی نیوەشەوی منداڵ خەوی لە چاو دەتارێنێت، شیردان و پاککردنەوەی زارۆی بۆ زیاد دەبێت، پەروەردەکردنی منداڵ دەبێتە بەشێکی گەورەی ئەرکەکانی...

کچان پێویستە فێر بکرێن، هاوسەرگیری:
- هەمووی مانگی هەنگوینی نییە، هەر تەنیا مانگێکی هەنگوینه، نە زیاتر...
- هەمووی خۆبادان و خۆنیشاندان و وێنەبڵاوکردنەوەی تەک مێردی تازە نییە، ئەوە وەک خەوێکی زۆر کورت تێدەپەڕێت...
- هەمووی گەشت و گەڕان و تریقوهوڕی خەنینە و شنینەوە نییە..
- هەمووی لێوسوورکردن و ماکیاژ و سناپ نییە.

زۆر گرنگە تێبگەیندرێن ژیانی ژنومێردایەتی لە ژووری نووستن و ماچومووچدا کورت نابێتەوە!

زۆرێک لە کچان لە فیلمە ڕۆمانسییەکانەوە دەڕواننە ژیانی هاوسەرداری، کە خەیاڵێکی خۆش زیاتر نین.

هەر کچێک -هەڵبەت هەر کوڕێکیش- بە خەیاڵی ئەو خاڵانەی سەرەوەوە هاوسەرگیری بکات، زۆر نابات لووتی بە بەردی ئەلحەددا دەتەقێت و هەر دە پەنجەکەی دەگەستێت و لە گێژاوێکدا گیر دەکات، نازانێت چۆن لێی دەرباز بێت.

کچێک نەزانێت ڕێز لە مێرد بگرێت، نکارێت چێشت لێ بنێت، ئادابی میوانداری و بەخێرهێنان و خزمەتکردنی میوان فێر نەبووبێت، چی لە شووکردن داوە؟ ئەو جۆرە کیژە هاوسەرگیری تەنیا بە زرمەزلێ و سەرجێیکردن تێگەیشتوون، کە زۆر نابات لەویش بێزار دەبن!