شکۆی شارمان.. چەمچەماڵ بەنمونە

02/01/2020 - 13:58 نشر في وتار

هیوا ره‌فعه‌ت

کاتێک قوتابیەکانم لە پۆلی ١٢ بەڕێدەخست بەرەو شارو زانکۆکانی دەرەوە، بۆم دووپات دەکردنەوە کە سومعەی چەمچەماڵ پەیوەستە بە ئێمەی مرۆڤەوە، نەک بەو خۆڵ و ئاسمانەی کە هەیەتی.. ئەوە ئێمەین نازناو و ناتۆرە دەبەخشین بەشار، نەوەکو بەرگەهەواو گەرد و خاکەکەی.. دەی مەردی مەیدان بتوانن بەجوانبینی و سلوکتان، بەشێک لەو شێواوییە قەرەبوو بکەنەوە کە لە زهنیەتی بەشێک لە تاکی کوردی باشور کێشراوە بۆ لەقەبی شارەکە.

چەمچەماڵییەکان یەکن لە مەحرومترین مەخلوقەکانی ئەم نیشتمانە، ئەنفال و راگواستن و شەڕی ناوخۆ و ململانێی ناشەریفانی شەڕەپەڕۆ.. جەرگی شاری سوتاندووە، رۆژێک بەهیران و پشتی سەفیندا دەچووم رووە شەقڵاوە، کابرای ئەوێ نشین کە زانی خەڵکی چەمچەماڵم بە گوێمدا چرپاندی.. "ئای ڕۆڵەی نازدارتان لەسەر ئەو تاوێرە ڕەقانە لە شەڕی کوردکوژیدا خوێنیان کرایە کاسەی سەرانی کوردەوە".. ئەو کوڕانەمان زۆرینەیان منداڵی ئەو ئەنفالکراوانەبوون کە دایکی رەشپۆشیان بە گوڵەچنەو کیسەنەوتی قاچاخی سەیتەرەی تەحەدی بەعس بەخێوکرابوون!.

ئێستایش ببینن گاز و نەوت و ئاسمانەکەمان چۆن بەبەرچاومانەوە دەدزرێت، و هاشم و دڵشاد و کێ و کێی تری رۆڵەی ئەنفالیش، کە بەهەزار کوێرەوەری زانکۆ و کۆلێژی پەروەردەیان تەواوکرد، کەچی دانەمەزرێنران و لە کونجی بێکاریدا، رۆژانە وانەی حەسرەت و بەدبەختی بۆ نەوەکانیان دەچڕن.. بیرمە میمکە نەجمە هەویەی هەر پێنج کوڕە ئەنفالکراوەکانی کردبووە رەجای مەسئولێکی کەتەی پاروگلێن تا شەفاعەتبێ بۆ بڕینەوەی موچەیەک بۆی.. کەچی پێی وترابوو ئەم ئەلبومانە چییە هێناوتن!.

ئەوانە شکۆی مرۆڤیان شکاندووە، زبڵی شار چییە!.. ئەوە بۆ نەمانپرسی بۆچی چەمچەماڵەکەمان هێندەی هەموو کوردستان باجی خوێنن و چەکداری دەدات!.. ئاخر بۆ نەتانپرسی بۆچی قوتابییەکانی شار، پاش تەواوکردنی زانکۆ و پەیمانگا.. بە حەوت شوێندا دەگەڕێن تا لە کەلەبەرێکدا بە چەکدار ناونوس بکرێن؟!.. ئێمە سەریان لێ دزیوین، کەچی هەرای نینۆکمان دەکەین.. بە تەنزێکی دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا هاوارمان خەریکە وڵات قانگ دەدات، کەچی هەموو جەستەمان ئەتککراوە هەر خۆمانیش لێی دەبەنگ کراوین!.

موزایەدەکان با بەنجمان نەکات، لە دیاردەی بێکاری شار بپرسنەوە، بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو هەموو قوتابییە دەرچووە مەحرومەی شار کە سبەی لەتاو بەتاڵی گیرفان ناوی لە لیستی حەشدی تورکمانی و عەسایبی ئەهلی حەق تۆمار دەکات!.. تەنزەکەی دکتۆر شێرکۆ دەرەنجامە!.. با هۆکارەکەی شیمانە بکەینەوە.