بۆكسینگ دەی، رۆژه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی پرێمه‌رلیگ

24/12/2019 - 16:32 نشر في وتار

بۆتان عومه‌ر

لەگەڵ ئەوەی لە (26)ی (12) ی هەموو ساڵێك یەكەم رۆژی چەژنی شوێنەكەوتووانی ئاینی مەسیحیە و ،لە (10) رۆژی كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمیش یاریەكانی هەموو خولەكانی ئەوروپا دەوەستێت ،كەچی لە هەمان رۆژی ئەو یادە لە ئینگلتەرا یاریەكانی خولی ووڵاتەكە بەڕێوەدەچن و ئەمرۆژەش بە (بۆكسینگ ده‌ی ) ناوەدەبرێت ، كه‌ دیارترین رووداوی وه‌رزشی ساڵه‌ له‌ ئینگلته‌را و له‌ لای هانده‌ران جێگەی خۆشحاڵی و لای یاریزانان بێزاركه‌ر و لای به‌رپرسانی وه‌رزشیش پڕ قازانجترین رۆژه‌.

بۆكسینگ دەی گرنگترین گه‌ڕی خولی پریمەرلیگە ، رێژەیەكی كەمی هاندەرانی تۆپی پێ دەزانن ئەم ناوە لە چیەوە هاتوە، بەڵام ڕەگی ناوەكە بە شێوەیەكی دروست بە نادیاری ماوەتەوە،لێكدانەوەی زۆرینەی خەڵكی بەریتانیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كاتێك دەوڵەمەندەكان دیاری لەناو (سندوقێك) دەدەنە هەژارەكان یانیش ئەو دیارییانەی بەڕێوەبەرەكان دەیدەن بە فەرمانبەرەكانیان لە پشووەكانی سەرساڵدا بگەڕێتەوە .

مێژوویەکەیشی بۆ ساڵی 1870 زاینی دەگەڕێتەوە، کاتێک دوو لە کۆنترین و ناودارترین یانەی ئینگلتەرا بەیەکگەیشتن ، کە ھەردوو یانەی شیفیڵد یونایتد و ھالام بوو، ئەوکات یانەی شیفیڵد یاسایەکی سەیری ھەبوو ئەویش  یاریزانانی بۆیان ھەبوو بە دەستیش یاری بکەن، واتا ئاسایی بوو دەستیان بە تۆپ بکەوێت لەکاتی یاریکردندا، تا ساڵی 1959 یارییەکان لە ڕۆژی  له‌دایك بوونی حه‌زره‌تی عیسا ئەنجام دەدران کە 25ـی مانگ بوو، لەو کاتەوە ڕۆژێک دواخرا و کردیان بە ڕۆژی 26ـی مانگی 12 و رۆژەکانی دواتریش.

ئەنجامدانی یارییەكانی پریمەرلیگ لە رۆژی بۆكسینگ دەی یەكێكە لە نەریتە كۆنەكانی بەریتانیا،كە زۆر جار یارییەكان ئەم گه‌ڕه‌ لە یەك رۆژدا ئەنجام دەدرێت زۆر جاریش لە یەك كاتژمێردا بەڕێوە دەچن،ئەمەش وادەكات رێژەی بینینی یارییەكان یەكجار زۆر بەرز ببێتەوە چونكە یارییەكان دەكەونە رۆژی پشوو ، خانەوادەكانیش بە یەكەوە دەچن بۆ سەیركردنی یارییەكان". هه‌روه‌ها خوله‌كانی تریش وه‌ستاون.

رێكخەری یارییەكان پێداگرن لەسەر ئەوەی ئەو یارییە گرنگانەی كە ركابەری تێدایە نەكەوێتە ئەم رۆژە، هەوڵیش دەدەن یانەكان لە یەك نزیك بهێڵنەوە ئەمەش كارێكی ئەستەمە،گرنگترین خاڵیش لەم رۆژە ئەو یانەیەی لەم رۆژە لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا یاری دەكات لە یەكەم یاری ساڵی نوێ لە یاریگای خۆیدا یاری دەكات، ئەمەش خاڵێكە پریمەرلیگ لە خولەكانی تر جیای دەكاتەوە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا لە ئێستادا یانەكان لە پشووی زستانەدان و پشووەكەش بۆ یەك مانگ درێژ كراوەتەوە لە فەرەنسا و ئیتاڵیاش هەمان شت پەیڕەو دەكرێت، لە بەشێك لە وڵاتەكانی ئەوروپای رۆژهەڵات پشووی زستانە لە مانگێك زیاترە".

هه‌رچه‌نده‌ رۆژانی بۆکسینگ ده‌ی بە گرنگ و تایبەت وەسف دەکرێن، بەڵام  له‌سه‌ر بۆكسینگ ده‌ی یه‌كێتی  تۆپی پێی ئینگلتەرای دووچاری رەخنە و تێبینی زۆر بووەته‌وه‌، چونکە یاریزانان لەم کاتەدا جیاواز لە خولەکانی تر، زیاتر ماندوو دەبن و پشوو وەرناگرن و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ئاستی یاریزانان و یانه‌كان دروست ده‌كات ، كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ 3 یاری ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

بەرێوەچوونی یارییە وەرزشییەكان لەو رۆژەدا لە كلتوری بەریتانییەكانە،  جگە لە تۆپی پێ یارییەكانی تری وەكو، ئەسپسواری، رەگبییش بەرێوە دەچن، خانەوادەكان بەیەكەوە دەچنە یاریگاكان و سەیری یاریه‌كان ده‌كه‌ن.