پارەی گەنمی جوتیاران، مەتەڵی نێوان دوو حکومەت!

15/12/2019 - 21:49 نشر في وتار

حەماغە گەردی

چەند ساڵێکە باس و خواسی هاتن و نەهاتنی پارەی نەدراوی جوتیاران نابڕێتەوە و خاوەنێکیشی بۆ پەیا نابێت بە هەندی وەرگرێت.

ئەگەر لە ٢٠١٤ وە حسابکەین دەکاتە پێنج ساڵ ئەم کەیسە بێ خاوەنە. حوکمەتی هەرێم کە خۆی بە خاوەنی نازانێت ئەگەریش جارێک باسی بکات وەک ئەوەی داوای حەقی بوزیەکانی بۆرما لە یو ئێن بکات بە جوتیاران دەڵێن کە هەر چەندە کێشەکە لای حکومەتی عێراقە بەڵام ئێمە هەوڵی خۆمانتان بۆ دەدەین، لە ولاشەوە حکومەتی عێراق بە هەنگاوی کیسەڵ و قسەی تیمساح لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکات.

پەرلەمانتارانیش لە ئەنجومەنی نوێنەران وەک ئەوەی بێ هیوا بوبن لە وەرگرتنەوەی قەرزەکە هیلاک بوون لە ووتنەوەی ئەم داوایە .ئەوەی کە زۆر سەرنج راکێش و نادیارە ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ یەک لەم لایەنانە نازانن پارەکە لە کوێیە و هۆکاری خەرج نەکردنی بە دەقیقی چیە . دەمێک بە کێشەی نێوان دوو وەزارەت و دەمێک موافق نەبونی سەرۆک وەزیران بە رێگر دەزانن.

ئەوەی لێرە دا قوربانیە جوتیارانی رەنج بە خەسارن کە نە قسەکەرێکی باش و نە تاقتی نانەوەی ژاوە ژاو و خۆپیشاندانیان هەیە تا کەیسەکەیان هیچ نەبێ وەک بابەتی پێشمەرگە و موچەی فەرمانبەران ببێتە مەوزوعی رۆژەڤ و کۆر و کۆبونەوەکان.

تەنانەت میدیا و راگەیاندنەکانیش لەوەدا خەتایان هەیە٫ بۆ یەک رۆژیش پارەی گەنمی جوتیاران بە سەردێری رۆژنامەکانیان رەوا نابینن چونکە ڕەنگبێ پێیان وابێ جوتیاران خوێندەواریان نیە و نازانن بخوێننەوە لە کاتێکا تەسجیلی ناو تراکتۆرەکەیان لە جێی حەیران و بەستە لەسەر هەواڵەکانە کە ئاخۆ باسی پارەی جوتیاران ناکات؟ ئەوەی کە جێی ئومێد بوو چونی دواین وەفدی حکومەتی هەرێم بوو بۆ بەغدا٫بەڵام ووتراوە کە ئەم وەفدە بە هیچ جۆرێ باسی ئەم کەیسەی نەکردووە . بەمەش هەناسە ساردی زیاتر باڵی کێشاوە بە سەر جوتیاران,باشترین بەڵگەش لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی وەزیری دارایی بوو کە بە هیچ جۆرێ باسی نەکرد.

من پەیوەندیم بە چەند کەسێکەوە کرد وتیان باس نەکراوە و چەند جارێکیش نامەم بۆ یەکێک لە ئەندامانی وەفدەکە نارد ئامادە نەبوو وەڵامم داتەوە. ئەوەی جێگای پرسیارە و جوتیاران دەیانەوێ بزانن ئەوەیە؟ ئاخۆ روو لەکوێ بکەن بۆ ئەوەی مافە دارایەکانیان وەرگرنەوە؟ بۆ بەرچاو روونی خوێنەران.

حکومەتی عێراقی بەشێک پارەی ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ ی جوتیارانی نەداوە کە ٥٥٧ ملیار دینارە و مافی نزیکەی ١٠ هەزار جوتیار.