نا بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی

14/12/2019 - 11:16 نشر في وتار

د.كۆسره‌ت ساڵح

دروستکردنی دژایەتی لەنێوان ژن و پیاو هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پێویستە بەری پێبگیرێت.

نێر و مێ تەواوکەری یەکترن، نەوەک دوژمن و ناحەز. ئەو کێشمەکێشەی دەستە و ناوەند و لێژنە دروستی کردووە سەبارەت بە پرسی ژنان جەدەلێکی بێ مانایە، خەریکە ببێتە دەلاقەی دروستکردنی درزێکی گەورە و دوژمنایەتییەکی سەخت لەنێوان هەردوو رەگەزی نێر و مێ.

لە روانگەی ئاینییەوە، سیقە و متمانە لەنێوان ژن و پیاو ئەسڵە و گومانلێکردن رێپێدراو نیە بەبێ بەڵگە.

ئافرەتی هۆشیار و خۆپارێز دەتوانێ و دەزانێ چۆن روبەڕووی خیانەتکاران ببێتەوە، پێویستی بە پاسەوانی شەڕەف نیە.

باروزروف گۆڕاوە و حوکمی فیقهیش (فەتوا) دەگۆڕێ، دەکرێ بەدیلی زۆر گونجاو و ناوازە بدۆزرێتەوە لەبری ئەو ئینشایەی لێژنەی فەتوا وەک رونکردنەوە دەریکردووە و دواتر وەک فەتوا بڵاوکرایەوە.

له بنچینەدا فەتوا تەنیا خستنەڕووی روانگەی ئایینە بۆ پرسەکان، ناتوانرێت خەڵک پێیەوە پابەند بکرێت، لەبری ئەوەی سوکایەتی پێبکەیت وازی لێبێنە و والسلام.

ئەوەی جێی سەرنجە، لە ماوەی هەفتەیەک هەردوو دامەزراوەی فەتوا و پەرلەمان کەوتنە بەر هەڵمەتی فراوانی سوکایەتیپێکردن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، سوکایەتیکردن بە دامەزراوەکانی دەوڵەت خوێکی خراپە خەریکە دەبێتە نەریت، کار وابڕوات هیچ شتێک هەیبەت و رێزی نامێنێت، نەمانی هەیبەت و شکۆی دامەزراوەکان دەستپێکی داروخانێکی کۆمەڵایەتی حەتمی دەبێت.