د.عەلی قەره‌داغى لەنێو بەرداشی یارو نەیارەکانیدا

21/11/2019 - 18:12 نشر في وتار

به‌رزان ئه‌یوب

حەوت قریشکەو یەک فرمێسک

قریشکەی یەکەم .
لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتیا عەلی قەراخی لەیەکێک لەوڵاتە عەرەبیەکان ئەچێتە لای مەسئولێکی عەرەب و داوای هاوکاری ماددی لێ ئەکات بۆ مناڵ و بێوەژن و کەمدەرامەتانی کورد ، کابرای عەرەبیش زۆر ڕقی لەکورد ئەبێت دەستی عەلی قەراخی ئەگرێت و تفێک ئەکاتە دەستیەوە ئەڵێ ئەوە هاوکاری بۆ کورد ، عەلی قەراخیش دەستی ئەهێنێ بەدەم و چاوی خۆیداو بەکابرای عەرەب ئەڵێت ئەوە بەشی من بوو بەڵام بەجدی گەلی کورد هەژار و ستەم لێکراوی زۆرە لەبەرخودا بەشی ئەو مەزڵومانە هاوکاری بکە ، کابرای عەرەب شۆک ئەبێت باوەش بەعەلی قەراخیا ئەکات و داوای گەردن ئازادی لێ ئەکات و پێی ئەڵێ نەتەوەیەک پیاوێکی بەتەحەمولی وەک تۆی هەبێت پێویستە لەدنیاو قیامەت شانازیت پێوەبکەن و هەتا ماون مەمنونت بن کەئاوا لەوڵاتان سواڵیان بۆ ئەکەیت ...

قریشکەی دووەم . .
عەلى قەراخى بەفەزڵی خوداو بەجوهد و ماندووبونی خۆی بەزیرەکی خۆی ئەو کەسایەتیە جیهانیەی بەدەست هێناوە ، یەک دیناری بۆ خەرج نەکراوە لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە ، بەپێچەوانەوە ملیۆنان دۆلاری پەیا کردوەو خەرج کردوە بۆ هەژاران و لێقەوماوان و نەخۆشخانەو خوێندنگەو زانکۆو مزگەوت و پرۆژەی ئاوەدان کردنەوە لەکوردستان ، مانگانە موچەی هەزاران مناڵی بێ باوک و بێوەژن دابین ئەکات ، پۆشاک و خۆراک و هەرچی پێویستی ژیان هەیە ئەکاتە دیاری دەستی و خەندەو خۆشحاڵی بۆ جەژن و بۆنەکانی مناڵی کورد ئەگێڕێتەوە ...

قریشکەی سێیەم

عەلی قەراخی خاوەنی زانکۆی گەشەپێدانە لەسلێمانی و قەرەداخ ، بەتەحەداوە بڕی پارەی وەرگیراو لەفێرخوازی زانکۆکە کەمترینە لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکانی کوردستان ، وەپێدانی موچە بە مامۆستایانی زانکۆکە بەرزترینە وەک ڕێزێک لەماندوو بون و پیرۆزی کاری مامۆستایەتی ، ساڵانە لە زانکۆکەى عەلی قەراخی نزیکەى ٢٠٠ خوێندکارى سورى بەبەلاش وەردەگیرێن کە زۆربەیان خەڵکى قامیشلۆ و کۆبانێ و عفرینن و نەک ئیسلامى نین کەمێکیش بێ دینن ، وە خۆیان بزانن یان هەرکەسێک وەرەقەیەک بنێرێت بۆ دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید وەک سەرۆکى زانکۆ بیسەلمێنى خوێندکارێک هەیەو هەژارو نەبوە یان هەرهیچ پارەی لێ وەرناگرن یان نیوە زیاتر داشکاندنی بۆ ئەکەن ، بۆ ڕاستی و سەلماندنی ئەم قسەیە ئەتوانن بڕۆن و لەو خوێندکارانە بپرسن کەچەند هاوکاری ماددی و مەعنەوییان کراوە ...

قریشکەی چوارەم . . . . .

زانکۆکەى عەلی قەراخی ( گەشەپێدان ) قازانج نەویستە و حەرامی کردوە لەسەرخۆی یەک دیناری قازانجی زانکۆکە بۆ بەرژەوەندی خۆی وەربگرێت ، هەموو قازانج و داهاتی ماددی زانکۆکە بۆ پرۆژەی خێرخوازی و هاوکاری هەژاران خەرج ئەکرێت لەڕێی لیژنەیەک لە پرۆفیسۆر و دکتۆرو ئوستازەکانی زانکۆوە ، زانکۆی گەشەپێدان ئاستێکی بەرزو نمونەیی هەیە لەتەدریس و پێگەیاندنی فێرخوازداو هەموو ساڵێک پلەی یەکەم بەدەست ئەهێنێت لەسەر ئاستی زانکۆ ئەهلیەکاندا ، بۆیە لەزۆر شوێنەوه کێشەی بۆ دروست ئەکەن و هەوڵی کپ کردن و داخستنی ئەدەن ، بۆ نمونە وەزیری خوێندنی باڵا بەبڕیارێک داوای لەزانکۆ ئەهلیەکان کردوە لەسەدا چل و پێنج داشکاندن بکەن لەوەرگرتنی پارەی خوێندکاردا ،
زانکۆکانی نزیک لەدەسەڵاتی زۆنی سەوز تائێستا گوێیان لەبڕیارەکەی وەزیر نەگرتوە ، وەزیریش خوا هەڵناگرێ ئەزانێ عەلی قەراخی داماو دانی نیە بۆ گاز گرتن تەنگى پێ هەڵچنیون و ئەڵێت ئەبێ پارەکەتان کەمتریش بکەنەوە و ساڵانه خوێندکاریش کەمتر وەر بگرن کە ئەمەش شەڕێکى ئاشکرایە دژی عەلی قەراخی و گەشەپێدان ،
ئەم نمونەیە بۆ ویژدانی زیندوتان .
خوێندکار لەزانکۆ ئەهلیەکان نزیکی سی بۆ چل وەرەقەی لێ وەرئەگیرێت بۆیەک ساڵی خوێندن و بە دوو قیست ، بەڵام لەزانکۆکەی عەلی قەراخی زۆرترین پارە کە لەخوێندکار وەرئەگیرێت دەقیقەن شانزە وەرەقەیە بە هەشت قیست ،
هیشتا جەنابی وەزیر زەخت ئەفەرموێ لەوەش کەمتر بێت ...

قریشکەی پێنجەم . . . .

عەلی قەراخی هەرکات سوکایەتی و تەشهیری پێکرابێت زیاتر کۆمەکی و هاوکاری خەڵکی ڕەش و ڕوتی کردوە ، بۆ نمونە ئێستا زۆرترین جنێوی پێ ئەدرێت لەسەر کوردانی ڕۆژئاواو بەوە تۆمەت باری ئەکەن هەڵوێستی نیە یان پشتگیری ستەمی تورکیا ئەکات لەبەرامبەر کوردەکانی سوریا ، بەڵام ئەو گوێی نەداوە بەکەف و کوڵی ڕۆژنامەنوسانی کاسەلێسی حیزب و موڕاهیقان و دەم پیسانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چی ئەڵێن لەبارەیەوە ، گەورەترین هاوکاری ماددی بە بڕی ( ٤ ) ملیۆن دۆلار ،
کردووە بەخێر لەماوەى ساڵی رابردوودا کە زۆربەى بۆ کوردستانی رۆژئاواى ناردووە و هەزاران خانەوادەی کوردی سوریای لەمردن و برسێتی و ڕەق بونەوە پاراستوە ، بەڵگەی ڕاست و دروست و سوپاسنامەش هەیە لەمبارەیەوە ...

قریشکەی شەشەم . . . . . .

عادەتەن کەمانگ خەرمانەی دا بەخیل و حەسودەکان بەدوای کونێکا ئەگەڕێن جوانی مانگی تیا لەکەدار بکەن ، هەندێ دەمڕوت و چەکلی ماستاوچی حیزب ماوەیەکە کەوتوونەتە وێزەی زانکۆکەی عەلی قەراخی و ئەیانەوێ خەڵکی توڕە بچنە سەر زانکۆ و عەیبدارى بکەن یان داوای سوتاندنی ئەکەن بەبیانوی نزیکی خاوەنەکەی لەتورکیاوە ، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەزانن تاکە حزبێک نزیک بێت لە زانکۆی گەشەپێدان یەکگرتووە ، یەکگرتوش شەق وەشێنی نیە ئیعلامێکی گەرم و دەم بەهاواری نیەو هیچى پێ ناکرێت هاتون دەستیان کردوە بەفشەکردن و هەڕەشەکردن لە زانکۆیەک کەبەجدی بۆتە ماڵی هەموو خانەوادە هەژارو کەم دەستەکان ، بەدڵنیاییەوە ئەو زانکۆیە موڵکی لاهوری شێخ جەنگی بوایە لەدەڤەری سەوز کەس جورئەتی نەبوو لەگوڵ کاڵتری پێ بڵێت ...

قریشکەی حەوتەم . . . . . . .

بەشاهیدی نێچیرڤان بارزانی و لەدوای ڕیفراندۆم بەتەکلیفی عەلی قەراخی تورکیا هاتەوە سەرخەت بۆ مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ کوردستان و کردنەوەی دەروازە سنوریەکان و پەرەپێدانی بازرگانی و ئابوری ، ئێ باشە بۆ کەلێمان ئەقەومێت هانای بۆ ئەبەین بۆ پینەکردنی سیاسەتمان و لەسەر مەسەلەیەکیش کە ئەو هیچ دەسەڵاتێکی نیە تیایدا تەشهیر و جنێو بارانی ئەکەین ؟؟؟
بەدەر لە هەموو کارە باشەکانی عەلی قەراخی ئێستە کەسانێک پەیا بوون ئەڵێن هیچى نەکردووە و هەمیشە پاڵپشتی دوژمنانی کوردی کردوە ، بەڵام ڕاستیە تاڵەکە و تاکە گوناهیشى ئەوەیە لەبەر پێگەکەى ناتوانێ هەنێ قسەی باق و بریقی درۆیینە و موزایەدەی فشەکەرانە بکات چونکە خۆی باش ئەزانێت سیاسەت چ بۆگەنی و قێزەونیەکە و عەرەب و تورک وەک سەگ تێى بەر ئەبن و دەرى ئەکەن و ئەوکاتیش کورد باجەکەى ئەدات .

یەک فرمێسک