ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە بەرامبەر مامۆستا ڕابگرن

14/11/2019 - 15:29 نشر في وتار

عەبدولخالق ماوەتی

ماوەیەکە هەندێ ڤیدیۆو وێنە لە سەر شێوازی مامەڵەی مامۆستایان بڵاو دەکرێتەوەو داوای سزای مامۆستاو دورخستنەوەی دەکرێت ،
من بەتەواوی دژی ئەو ڕەفتارانەم کە بەرامبەر قوتابی دەکرێت و قسەی توندیان بەرامبەر بەکاردەهێنرێت ،
بەڵام ناکرێت هەڵوێستێک یان مامەڵەیەک ئەگەر هەڵەش بێت شێوازی لێپرسینەوەو بەدواداچونی خۆی هەیە نەک دەستکرێت بە سوکایەتی و ناشرین کردنی ڕوی مامۆستاو وەک ئەوەی تێک چونی شیرازەی کۆمەڵگەو پەروەردەش لە ئەستۆی مامۆستابێت ،
کاتێک شەق لەمامۆستا هەڵئەدرێت و تەهدید و سوکایەتی بەرامبەر ئەکرێت و هەژمونی حزبی لەناو قوتابخانەو ناوەندەکان کە ڕۆڵی پەروەردەیی مامۆستای شکاندوە بەردەوامی هەیە و چوار ساڵ بە لەتە مووچەو بڕینی ناڕەوای هەق و مافی خۆیان و نەگێڕانەوەی بۆیان بۆ دیفاعێکتان لێ نەکردن و هاوکاری هەق و مافیان نەبون ،
ماوەیەکی زۆر لەسەر شەقام و داوای مافی ڕەوای خۆیان لەبەرامبەردا پێیان بوترێت هەڵپەڕن و بە مشاغب و تێکدەر ناویان ببرێت لەکوێ بوون و بۆ دیفاعتان لێ نەکردن ،
بۆیە ئەم بێڕیزیە بەرامبەر شکۆو مەقامی مامۆستا ڕابگرن و بیوەستێنن ، ئەگەر زمانێک هەبێ پەروەردەیی بێت و نەوەی ئەم وڵاتە لەلادان و تێکدان بپارێزێت مامۆستایە ،
بەئەندام پەرلەمان و بەرپرس و نابەرپرس کە سەرمەشقن لەگەندەڵی و پارە خواردن و بەهەدەردانی سامانی ئەم میللەتە کەوتونەتە شکاندنی هەیبەتی مامۆستا ،
تکایە بیوەستێنن
دوبارەی دەکەمەوە لەگەڵ هەندێ شێوازو مامەڵەی بەڕێوەبەر و مامۆستا نیم کەناپەروەردەییە و پێویستە وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەروەردەییەکان بەشێوازی گونجاو ئەم ڕەفتارانە بوەستێنن و بەشێوەی زۆرجوان و گونجاو پڕۆسەی پەروەردە لەم قەیرانەی تێی کەوتووە دەرباز بکەن ، نەک بکرێتە سوکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر مامۆستایان .