چەند پێشنیارێك لەپرۆسەی جیاكردنەوەی بانگەوازو چالاكی سیاسی

14/11/2019 - 15:02 نشر في وتار

مولود مراد

پاش ئەوەی ئەو حزب و كۆمەڵە سیاسیە ئیسلامیانەی، كە ساڵانێكە ئەم دووكایەی كار و ئەركی بانگەواز و كار و چالاكی سیاسیان، لە یەك قەوارەی دەعەوی/ سیاسیدا، پێكەوە كۆكردوەتەوە، گەشتنە ڕاستیەكانی فیكرەی جیاكردنەوە، واتە گەشتنە ئەو بڕوایەی، كە ئەم دووكایە لەڕووی مەنتیقی پسپۆڕیەوە دووكایەی جیاوازن، لە گشت بوارەكانیاندا، هەر لە پێناسەوە بگرە تا ئامانج.

بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەركەوتنی لە چارەبنوسرێت و گرفتەكانی ئەم پێكەوە گرێدانە تێپەڕێنێت، بەرەو قۆناغێكی نوێی گەشەكردن و پەرەسەندنی هەردوو كایەكە هەنگاو هەڵگرێت، بۆ بەستنی كۆنگرەی حزب و یەكلایی كردنەوەی ئەم پرسە، ئەم چەند پێشنیارە سەرەكیە، وەك ڕێكار بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەخەینەڕوو:

1-مەرجە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بە "كۆی دەنگ یان زۆرینە"ی ئەندامانی سەركردایەتی و سەركردەی ئەو حزب و كۆمەڵە ئیسلامیە، بڕیاری ئەوە بدات، چونكە جیاوازی پسپۆڕی لە نێوان ئەم دووكایەدا بەڵگەنەویستە، بەڵگەنەویستیش جیاوازی ڕا و بۆچوون هەڵناگرێت، ئەگەر لەمپەری تری خودی و بابەتی ڕێگر نەبن.

2-ئەو قەوارە دەعەویە/ سیاسیەی ئێستا، بەهەمان ناوی خۆیەوە بمێنێتەوە، بكرێتە چواچێوەی كاری بانگەواز، مانەوەی ئەم قەوارەیە، لەلایەك ڕەمزیەتێكی مێژوویی و كەلتوریی هەیە بۆ مێژووی هەمووان، لە لایەكیترەوە و ئامادەیی كارتیاكردنی وەك كۆمەڵەیەكی بانگخوازی لەلایەن ئەندامانی ئێستای حزب و كۆمەڵە ئیسلامیە سیاسیەكەوە، ئاسانتر و مەقبوڵتر دەبێت.

3- بەهەمان بڕیاری سەركردایەتی، لێژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی پەیڕەوەی ناوخۆی كۆمەڵەیەكی بانگخوازیی، بەناوی ئەم قەوارەیەی ئێستاوە.

4- لیستێك لە ناوی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو قەوارە ئەسڵیەی كە دەمێنێتەوە، وەك پێشنیار ئامادەبكرێت، بۆ ئەوەی وەك كۆمەڵەیەكی بانگخوازی بدرێتە فەرمانگەی بەرپرس لە كاروباری ڕێكخراوە ناحكومیەكان، بە مەبەستی تۆماركردنی.

5- هەر لەو كۆبوونەوەدا، بڕیاری دروستكردنی قەوارەیەكی سیاسی نوێ‌، بە ناوێكی نوێوە بدرێت،-بە پێشنیار كردنی چەند ناوێك- بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی ئاماژەی ناوی قەوارەی ئێستای تیانەبێـت، كە كراوەتە ڕێكخراوەی بانگەواز.

6-هەر لەو كۆبوونەوەیەدا و بەهەمان بڕیاری سەركردایەتی، لێژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ دانانی پەیڕەوی ناوخۆی حزبە نوێكە، بەزۆری بەدەسكاریكردنی ئەو پەیڕەوەی ئێستا هەیە و گونجاندنی لەگەڵ پێویستیەكانی حزبە نوێكەدا كارەكە ئاسانتر دەبێت، چونكە لە نبەڕەتدا حزب و كۆمەڵە ئیسلامیە سیاسیەكان وەك قەوارەی سیاسی مۆڵەتیان پێوەرگرتووە.

7- لیستێك لە ناوی ئەندامانی دەستەی دامەرزێنەرانی حزبە نوێكە ئامادەبكرێت-وەك پێشنیار- بەمەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێم و ئەگەر بكرێت، لەداهاتوودا لەعێراقیش تۆمار بكرێت.

8- جێگەی سەرۆكی قەوارەی ئێستا، دەشێت بەسێ‌ ڕێگە یەكلایی بكرێتەوە،

أ-بە بڕیاری خۆی كاندید بوونی خۆی بۆ سەرۆكی، یەكێك لە ڕێكخراوە بانگخوازیەكە، یان حزبە سیاسیە نوێكە هەڵبژێرێت.

ب-یەكلاكردنەوەی كاندید بوونی بۆ سەرۆكی هەریەكە لە ڕێكخراوە بانگخوازیەكە، یان حزبە سیاسیە، لەلایەن سەركردایەتیەوە.

ج- یەكلاكردنەوەی خوكاندیدكردنی بۆ سەرۆكی هەریەكە لە ڕێكخراوە بانگخوازیەكە، یان حزبە سیاسیە نوێكە لەلایەن كۆنگرەوە، بەهەمان ڕێژەی هەڵبژارنی ناو پەیڕەو پرۆگرابی حزب.

9-پێویستە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ڕێكەوتن لەسەر دابەشكردنی هەموو دارایی و مومتەلەكاتی قەوارەی سیاسی/دەعەوی ئێستا بكرێت، بەڕێژەیی بێت یان بە جۆری شتەكان، دەبێت بینایەی مەكتەبی سیاسی لێبەدەر بكرێت، وەك ناوەندی دەستبەكاربوونی حزبە نوێكە.
10- ئەم ڕێكارانە و هەرچیتری پێویست، كە سەرۆك و سەركردایەتی ئێستای حزب، بە كۆ یان زۆرینەی دەنگ بڕیاریداوە و بووەتە پرۆژەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، لەگەڵ ئەو ئۆرگان و ناوەندانەی كە لە پیڕەوی ناوخۆدا بڕیارە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و ڕایان وەرگیرێت، بخرێتە بەر گفتوگۆی ڕاو پێشنیاریان.

11-دەبێت ئەم هەنگاوانە، هەرچیتری پێویست، ئەو ئامانجە بێننەدی كە كۆمەڵە بانگخوازیەكە و حزبە سیاسیە نوێكە، دوو قەوارەی جیاوازن لە: ئۆرگانی سەرۆك و سەركردایەتی، لە بواری دارایی و مومتەلەكات، لەپەیڕە و پرۆگرام و پرۆژە، لە ستراتیژی كاری هەریەكەیاندا. جگە لە ئەندامبوونی هاوبەشی ئارەزوومەندانە، لە خوار سەرۆك و سەركردیەتیەوە.

12-حزب كۆی ئەم دۆسیە بكاتە بەرنامەی كۆنگرە، بەگفتوگۆ و تاتوتكردنی هەموو بڕگەكانی، شەرعیەتی ڕای ئەندامانی حزبی لەڕێگەی نوێنەرانیەوە پێ‌ وەرگرێت.

13-بەدڵنیایی دەبێت پێشبینی ئەوە بكرێت كە ڕێژەیەك لەئەندامان لەئاستی جیاوازدا، لەبەر هەرهۆكارێكی دەرونی و كەسیی و چاوەڕوانیەكانیان لە حزب و كۆمەڵەی دەعەوەی/ سیاسی ناڕازیی و نیگەران دەبن و خۆیان پەناگیر دەكەن، ئەوەش باجی سوننەتی گۆڕانە كە سەركردە و كەسە بوێرەكان هەڵیدەگرن.

14-نابێت هیچ ڕێگریەكی لائیحەیی و دەروونی لە بوونە ئەندامی زانایانی ئیسلامیی لەم حزبە نوێیەدا بكرێت، چونكە سەرباری هەمووشتێك، بەشدار سیاسی هاوڵاتیان لە حزب و ڕێكخراوە سیاسیەكاندا مافێكی یاسایی و دەستوریی هەر هاوڵاتیكە بەجیا لەكار و پیشە و پێگەی كۆمەڵایەتی.

15-ئامادەكردن و نووسینی پاساوی سیاسی و فیكری ئەم گۆڕانكاریە، لە دیباجەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبە نوێكە و دەركردنی وەك بەیاننامە، بۆ بەردەم ڕای گشتی ژینكە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكەی كوردستان، تا تێگەشتنی دروستی بۆ هەبوونی حزبە سیاسیەكە بۆ دروست ببێت.

16- لە ئەزموونەكانی تری هاوشێوەدا سێ‌ جۆر ئەزموون هەن:

أ-ئەو چەند خاڵەی پێشنیاركراوە، بەنزیكی هەمان ئەو ڕێكارانەن كە بە سەركەوتوویی ئەم پرۆسەیەی لە مەغرب و یەمەن و كوەیت تیا جێبەجێكراوە،

ب-لە ئەزموونی تونسدا-تەنها ئەزموونە- حرەكەی نەهزە لەلایەن سەرۆكی حزبەوە بیرۆكەی بوونە حزبی بۆ دارێژا وخۆی بوویە حزبە سیاسیەكە و ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنیان بۆ كاری دەعەوی دروستكرد.

ج-ئەو ئەزموونانەی حزبیان وەك باڵی سیاسی جەماعەتە دەعەویەكە دروستكردوە و خۆیان سەرپەرشتی هەموو كارەكانیان كردون، لە ڕووەكانی: سەركردە و سەركردایەتی، بڕیاری سیاسی، دارایی، هەڵوێست، بەشداریی سیاسی، و...هتد، وەك عێراق، ئەردەن، میسر، زۆركەم سەركەوتنیان بەدەسهێناوە و دابەشبوونی ناوخۆیی لێكەوتووەتەوە.
دواجار

هەرچی بەدەر لەم ڕێكارانە و هەرچیتر پێویستە، بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە و یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە بكرێت، وەك ئەوەی لەڕێگەی كوتلەی هەڵبژاردنەوە قەوارەی سیاسی حزبێك ڕابگەیەنرێت، یان داوا لەكۆمەڵێك كاردری سەركردایەتی و كارگێڕیی بكرێت، ئازادبن لە دەرەوەی قەوارە دەعەویە/ سیاسیەكەی ئێستاوە حزبێك دروست بكەن و ڕێگە بە ئەندامانی حزب بدرێت ئینتمای بۆ بكەن، ئەو قەوارەیەی ئێستاش وردە وردە لەكاری سیاسی بكشێتەوە، و...هتد.

ئەم تێز و پێشنیارانە، ڕێگای بیانوگرتنن بە پرۆسەكە، ئاماژەی نەبوونی ئیرادەی زۆرینەی پێویستە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە، ئاماژەی ناچاربوون و بەلاڕیدابردنی گوایە بە دەنگەوەهاتنی ئەو ژمارە لەسەركردە و كاردری ناو قەوارە دەعەویە/سیاسیەكەی ئێستایە، كە ڕایان وایە، قەیران و كێشە سیاسیەكانی ئەو قەوارە دەعەویە/سیاسیەی ئێستا بەم پرۆسەیە چارەسەر دەكرێت و هەردووكیشیان گەشەدەكەن.

ئەو دوو ڕێگا پێشنیاركراوەی دروستكردنی حزب لەپاڵ مانەوەی قەوارە دەعەویە/سیاسیەكەدا، -كە ئێستە نموونەی لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا لە مەغریبەوە بۆ جاكارتا، وێنەی یان نەماوە یان دەگمەنە- دوبارە كردنەوەی هەمان ئەزموونی شكستخواردوەكەی حزبی ئیسلامیی عێراق و حزبی بەرەی كاری ئیسلامیی ئەردەنە.
ئەو حزبە سیاسیەی بەو دوو ڕێگایە و ڕێكارەیتری جگە لەم ڕێكارە توافقی و كۆدەنگی و زۆرینە لەسەرە دروست بكرێت، لە هەست و ڕاونینی سیاسی هاوڵاتیان و ژینگە سیاسیەكەی هەرێمدا، هەمیشە دوو بۆنی لێدێت،
یەكەم: بۆنی ئینشقاق و جیابوونەوە،
دووهەم: دروستكردنی ترسنۆكانەی باڵێكی سیاسی بۆ حزبە دەعەویە/ سیاسیەكە.
بە نەتیجە حزبی بەم ڕێگە دروستكراو، بەدەردی ئەو پەندە دەچێت كە دەڵێت: بە محمد(ص) نەگەشتوو عیساشی لە كیسی خۆیدا. نە سیاسەتە بە جێگەیەك دەگات و نە دەعوەكەش سەرفەراز دەبێت و
هەردووكیشیان زیان دەكەن.