دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند: له دوای ته‌واوبونی پرۆسه‌ی پێشكه‌شكردن له ڕێگه‌ی زانكۆلاین،(په‌نجاو دو هه‌زار و پێنجسه‌د و سی و سێ) خوێندكاری ده‌رچوی پۆلی 12 داواكارییان بۆ وه‌رگرتن له زانكۆكانی كوردستان پێشكه‌ش كردوه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه به‌سه‌رپه‌رشتی د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و ئاماده‌بونی بریكاری وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م سه‌رۆك زانكۆ حكومییه‌كان و ڕاوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی تایبه‌تمه‌ند، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت له سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی چه‌رمو له قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ به‌ڕێوه‌چو.
له وته‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا باسێكی له‌باره‌ی سیاسه‌ت و كارنامه‌ی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێشكهشكردو رایگه‌یاند، ئامانج له‌م كۆبونه‌وه‌یه گفتوگۆكردنه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خه‌رجی له‌سه‌ر داهات و په‌سه‌ندكردنی پلانی وه‌رگرتن له زانكۆكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، به شێوه‌یه‌ك پلانه‌كان هاوته‌ریب بێت بۆ سودی ده‌رچوان و پێداویستیه‌كانی بازاڕی كار.
باسی له‌وه‌شكردووه، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌ڕه‌چاوكردنی كواڵتی خوێندن و له‌چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی پلانێكی تۆكمه، كار بۆ وه‌رگرتنی خوێندكاران له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژماره زۆره‌ی ده‌رچوان كه داواكارییان بۆ وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كردوه‌و ژماره‌كه‌یان بریتیه 52533 (په‌نجاو دو هه‌زار و پێنجسه‌د و سی و سێ) ده‌رچوه.
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه، "له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا پلانی هه‌ریه‌ك له زانكۆكان گفتوگۆی له‌باره‌وه كرا‌و دواتر په‌سه‌ندكرا، له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌شدا پرسی ئه‌ژماركردنی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی خوێندكارانی خوێندنی باڵا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه به‌شێوه‌ی ئۆنڵاین به‌رده‌وان بون، دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌م بابه‌ته و گفتوگۆكردن پێشنیازی لێژنه‌كه په‌سه‌ندكرا، هه‌روه‌ها چه‌ند بابه‌ت و پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به پێشخستنی ئاستی زانستی و ئه‌كادیمی زانكۆكانی كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا‌و په‌سه‌ندكران".