بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەولێر رایگەیاند، بەداواداچوون بۆ هۆکاری گیانلەدەستدانی ئافرەتێک دەکەن کە دەگوترێت بەهۆی بەکارھێنانی چەند دەرمانێک کە لە رێگای ئۆنلاینەوە کڕدراوە، گیانی لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی گیانسپاردنی ئافرەتێکی تەمەن ۱۹ ساڵان لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری ھەولێر باس لەوە دەکرێت کە ھۆکارەکەی بەکارھێنانی چەند دەرمانێک بێت لە رێگای چەند سایتێکی ئۆنلاینەوە کڕدراوە، تیمی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ھەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵە دەستی بە بەدواداچوون و لێکۆلینەوە کردووە و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەرکەوتنی ھۆکاری زانستی ئەم گیان سپاردنە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەولێر هۆشداریی داوە لەوەی لە ھەر ئەگەرێک سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
جێی ئاماژەیە، رۆژی چوارشەممە، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئافرەتێکی تەمەن ١٩ ساڵ بڵاوبووەوە کە دەگوترێت لە رێگای ئۆنڵاینەوە دەرمانێکی کڕیووە و دوای خواردنی دەرمانەکە تەندروستیی تێكدەچێت و بەهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.