دیجیتاڵ میدیای سپێده
وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی هاندان و پاڵپشتیكردنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆكانی كوردستان كه تاكو ئێستا دانه‌مه‌زراون، بڕیاردرا له خوێندنی ماسته‌ر بۆ ساڵی 2019- 2020 كه له زانكۆكان وه‌رگیراون به‌شێوازی پارالێل، یه‌كه‌مه‌كان به ڕێژه‌ی (75%) و دوهمهكان به‌ڕێژه‌ی (50%) و سێیه‌مه‌كان به‌ڕێژه‌ی (30%) داشكاندنیان له كرێی خوێندنی ساڵی دوه‌می بۆ بكرێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه به‌سه‌رپه‌رشتی ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت له زانكۆی دهۆك به ئاماده‌بونی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چو، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا دوای خستنه‌ڕوی به‌رنامه‌ی كاری پێنجه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت، ئارام محه‌مه‌د قادر باسی له گرنگی خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی له هه‌رێمی كوردستان كرد‌و ڕایگه‌یاند، "خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی یه‌كێكه له ئه‌وله‌ویاته هه‌ره گرنگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، چونكه ئه‌م خوێندنه ته‌نها تایبه‌ت نیه به‌هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو بابه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تیه و وڵاتان بۆ پێشخستنی باری ئابورییان بایه‌خی زۆری پێده‌ده‌ن، پێویسته فه‌لسه‌فه‌ی خوێندن و پرۆگرامه‌كانمان بگونجێنین له‌گه‌ڵ بازاڕی كاری كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی واقعی ئێستای هه‌رێمی كوردستان‌مان له‌به‌رچاو بێت".
ڕونیشیكرده‌وه، "نامانه‌وێت زانكۆ ته‌نها بڕوانامه ببه‌خشێت و فه‌رمانبه‌ر بۆ كه‌رتی گشتی ئاماده‌بكات، به‌ڵكو پێویسته زانكۆ كارامه‌یی و پیشه‌یی بۆ خوێندكارانی دروستبكات، تا دوای ته‌واوكردنی خوێندن بتوانن ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی دیكه بڕه‌خسێنن و له بازاڕی كاری كوردستاندا هه‌لی كاری گونجاویان بۆ به‌ده‌ستبێنن، بۆیه زانكۆ پۆلیته‌كنیكیه‌كان و خوێندنی ته‌كنیكی و پیشه‌یی ده‌توانن ئه‌و رۆڵه ببینن و كادیری ناوه‌ندی دروستبكه‌ن و پێداویستیه‌كانی بازاڕی كاری كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و خوێندكاری كارامه بۆ بازاری كار پێ بگه‌یه‌نن".
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌داو به‌مه‌به‌ستی هاندان و پاڵپشتیكردنی سێ یه‌كه‌مه‌كان زانكۆ حكومیه‌كانی كوردستان كه تاكو ئێستا دانه‌مه‌زراون له زانكۆكان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕیاریدا كه له خوێندنی باڵا/ماسته‌ر بۆ ساڵی (2019-2020) له زانكۆكانی كوردستان وه‌رگیراون به شێوازای پارالێل، یه‌كه‌مه‌كان به ڕێژه‌ی (75%) و دوهمهكان به‌ڕێژه‌ی (50%) و سێیه‌مه‌كان به‌ڕێژه‌ی (30%) داشكاندنیان له كرێی خوێندنی ساڵی دوه‌م بۆ بكرێت.
له‌چوارچێوه‌ی تاوتوێكردنی به‌رنامه‌ی كاری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت، پاڵپشت به دو پرۆپۆزه‌لی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و یاداشته‌كانی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری له وه‌زاره‌ت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیاریدا به كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ری پیشه‌یی (MBA)، دكتۆرای پیشه‌یی (DBA) هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری خوێندنی پیشه‌یی یه‌ك ساڵه بۆ ده‌رچوانی خوێندنگه ئاماده‌ییه زانستی و وێژه‌ییه‌كان و په‌یمانگه پێنج ساڵییهكان، له زانكۆ پۆلیتهكنیكیهكانی هه‌رێمی كوردستان.
له‌بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ناوی كۆلێژی ته‌كنیكی ته‌ندروستی له زانكۆ پۆلیتهكنیكیهكانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕِدرا بۆ كۆلێژی ته‌كنیكی ته‌ندروستی و پزیشكی هاوشێوه‌ی كۆلێژه ته‌كنیكییه‌كانی عێراق.