ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ لابردنی بەشێک لە سزاکانی سەر ئێران

08/04/2021 - 11:28 نشر في جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئامادەکاری بۆ لابردنی ئەو سزایانەی سەر ئێران دەکەن کە لەگەڵ مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ناگونجێن.

نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا باسی لە دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد کە لەئێستادا لە ڤییەنا-ی پایتەختی نەمسا بەردەوامن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمریکا لە پرسی دانوستان لەگەڵ ئێران، هیچ پەلەی نییە و هیواشی خواست لە کۆتایی دانوستانەکانی ڤییەنا، بگەنە ئەنجامێک کە تیایدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پارێزراوبێت.

نێد پرایس ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئامادەکاری بۆ لابردنی بەشێک لە سزاکانی سەر ئێران دەکەن و گوتی: "ئامادەکاری دەکەین بۆ گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران پێویستن، لابردنی ئەو سزایانەشی کە لەگەڵ مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ناگونجێن بەشێکن لەو هەنگاوانە".

ناوبراو هیچ زانیارییەکیشی دەربارەی ئەوەی ئەو سزایانە چین کە کار بۆ لابردنیان دەکرێت، نەخستەڕوو.

ساڵی ٢٠١٥ وڵاتانی ٥+١ کە بریتیبوون لە ئەمریکا، بەڕیتانیا، فەڕەنسا، رووسیا، چین و ئەڵمانیا رێککەوتنێکی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژوو کرد.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ و لە قۆناغی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپدا، ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و دووبارە سزای خستەوە سەر ئێران.

لە تەمووزی ٢٠١٩دا حکوومەتی تاران بەشێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە و لە پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ تەواوی بەندەکانی رێککەوتنەکەی هەڵپەسارد.

بەڵام دوای ئەوەی جۆ بایدن دەسەڵاتی گرتەدەست، ئیدارەی واشنتۆن ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەگەر ئێران تەواوی ئەرکەکانی نێو رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات ئەوا ئەمریکا-ش هەمان کار دەکات و ئامادەیە کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە.