ریکخراوی مافی مرۆڤی عەرەبی، ئیدانەی بڕیارێکی فەڕەنسا-ی بۆ چاودێری کردنی مزگەوتەکان، کرد.
لەو بارەیەوە رێکخراوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا کراوە هەڵوێست لەبەرامبەر ئەو بڕیارە توندانە نیشان بدرێت کە حکوومەتی پاریس بەرامبەر موسڵمانان دەریدەکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە حکوومەتی ئەو وڵاتە لە ١٦ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا هەڵمەتی دەستگیر کردنی موسڵمانانى دەستپێکردوە و لەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە ٢٠ مزگەوت و ناوەندی ئیسلامی داخراون، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی رق و کینە لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەدا.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جێراڵد دارماین بۆ چاودێری خستنە سەر ٧٦ مزگەوت ئیدانە کراوە و هاتووە: "سیاسەتەکانی حکوومەتی فەڕەنسا، پێچەوانەی بڕیارەکانی یەکێتی ئەورووپا و یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئازادی بیروڕا و ئازادی پەرستشن. پێویستە بەرپرسانی پاریس بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ موسڵمانان بکەن".
جێی وەبیرهێنانەوەیە دوێنێ وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جێراڵد دارماین لە روونکردنەوەیەکدا، چاودێری خستنە سەر ٧٦ مزگەوتی وڵاتەکەی راگەیاند.
فشارەکانی حکوومەتی پاریس بۆسەر موسڵمانان لە دوای کوژرانی مامۆستایەک لە ١٦ی تشرینی یەکەمدا زیادیان کردوە، تەنها لە ماوەی سەرۆکایەتی ئاماوێل ماکرۆن-دا ٤٣ مزگەوت لە فەڕەنسا داخراون.