دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەران لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق، کەسێک کوژرا و 49ی دیکە برینداربوون.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستی زیقار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر و خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار، کەسێک کوژرا و 49ی دیکە برینداربوون".
بە گوتەی سەرچاوەکە، نۆ لە بریندارەکان بە فیشەک برینداربوونە.
شاهێدحاڵان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند، دەیان کەس لە لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانی حەبووبی ناوەڕاستی شاری ناسڕییە بە چەک و داری پۆلیسی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.
شاهێدحاڵەکان روونیانکردەوە کە رووبەڕووبوونەوەی توند لەنێوان لایەنگرانی سەدر و خۆپیشاندەران روویدا و ئاماژەیان بەوەشکرد لایەنگرانی سەدر ئاگریان لە خێوەتی خۆپیشاندەران بەردا.
تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ راگەیەنراوێکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لەوەتەی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019ـەوە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت و بەهۆیەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
ئەمڕۆ هەینی، لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە شاری بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەنێویاندا شاری ناسڕییە وەک پشتیوانی لە سەرکردەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، گردبوونەوە.