دیجیتاڵ میدیای سپێده
ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانیی لە عێراق رووی لە هەڵکشان کردووە و لە سەرەتای ساڵی نوێوە تاوەکو ئێستا ١٧ هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانیی لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە.
ئەندامێکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی لە 2020 دا 17 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانیی تۆمارکراوە.
ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد کنانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەغدا ئەنجامی دا رایگەیاند، "لایەنە فەرمییەکان ئاماری توندوتیژی خێزانییان لە عێراق پێداوین".
ئەحمەد کنانی گوتی "بە گوێرەی ئامارەکان، لە دەستپێکی ساڵی نوێوە تاوەکو ئێستا، 17 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانیی تۆمارکراوە".
ئەحمەد کنانی روونیکردەوە "ساڵی رابردوو، 16 هەزار و 861 حاڵەتی توندوتیژی خێزانیی لە دادگاکاندا تۆماکرابوون، وێرای زۆری ئەو ژمارەیە زۆرینە پێیان وایە حاڵەتەکان لەم ژمارانە زیاترن چونکە هەندێک لە حاڵەکان بەهۆکاری جیاواز ناگەنە دادگاکان".
ئەندامەکەی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، ئەو ژمارانە دەرخەری راستییەکی شاراوەن، و بوونیان نابێتە هۆی رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ پێکهێنانی خێزان، توندوتیژی خێزانیی دژ بە هەموو بەها مرۆڤایەتیی و بنەما ئایینیەکانە.
مانگی ئابی رابردوو، حکوومەتی عێراق یاسای "توندوتیژی خێزانیی" دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران، خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە مافەکانی چینە لاوازەکان لە کۆمەڵگا بە تایبەت ئافرەت و منداڵ دەپارێزێت.
دەرکردنی "توندوتیژی خێزانیی" لە عێراق دوای بانگەوازی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هات بۆ دەرکردنی یاساییەک بەتایبەت دوای هەڵکشانی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی لە کاتی کەرەنتین کە بەهۆی رێککارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێکرا.
مانگی نیسانی رابردوو، هەریەک لە سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان UNFPA و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان OHCHR و سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان UNICEF و دەستەی ئافرەتان لە نەتەوەیەکگرتووەکان UN Women لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا نیگەرانی خۆیان نیشاندا لە هەڵکشانی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانیی لە عێراق لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.