دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەمڕۆ یەك شەممە 22-11-2020، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێكی سەركردایەتی سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینی كردو لەگەڵ كادران و ڕێكخستنەكانی مەڵبەندی حەوتی ڕانیەی یەكگرتوو و لقەكانی پشدەردا كۆبویەوەو تیشكی خستەسەر قەیرانی مووچەی فەرمانبەران و داوای كرد قوتی هاوڵاتیان نەكرێتە قوربانی كێشە و قەیرانە سیاسیەكان، هەروەها جەختیكردەوە لەزەرورەتی تەواوكردنی ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدرڵی و یەكڕیزی هێزە كوردستانیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێویست زانی بۆ چارەسەری گرفتەكان بەتایبەت بۆ كاتی دەركردنی یاسای موازەنەی بودجەی 2021 كە بایەخێكی گەورەی هەیە بۆ گەلەكەمان.
لەبەشێكی تری ووتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەختیكردەوە لە ڕۆڵی یەكگرتووەكان لە پرۆسەی پەروەردەی تاك و چاكسازی كۆمەڵگەیی و ڕزگاركردنی گەنجان لەپیلانی سەرگەردانكردن و بێكاری و نائومێدی و مایەی شانازیمانە ئەندامان و لایەنگرانی یەكگرتوو لە هەر شوێن و دەزگایەك بن لەدەرەوەی ئەركی حزبیان مۆركی دەستپاكی و ڕاستگۆیی و ئەمانەت پارێزی ناسنامەیانە.
هەر لەمیانەی سەردانی بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و شاندی یاوەری سەردانی خانەوادەی زاناو كەسایەتی دەڤەری ڕاپەڕین م.علاوالدین ی كردو وێڕای جارێكی تر دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەكەیان ڕایگەیاند: م.علاوالدین نمونەی لەخۆبوردەیی و بۆخەڵك ژیان بوو لە دەڤەری ڕاپەڕین.