دیجیتاڵ میدیای سپێدە
بەحرەین رێگەی دا بە بەكارهێنانی كایەی ئاسمانیی وڵاتەكەی لەو گەشتە ئاسمانییانەی لەنێوان ئیمارات و ئیسرائیلدا ئەنجام دەدرێن.
بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی فەڕمی بەحرەین BNA، كە بە پشت بەستن بە بەرپرسێكی دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی بڵاویكردووەتەوە، داخوازی ئەبو زەبی بۆ بەكارهێنانی كایەی ئاسمانیی بەحرەین بۆ گەشتە ئاسمانییەكان لە تەواوی وڵاتانەوە بۆ ئیمارات پەسەند كراوە. بەو بڕیارەش رێگە لەبەردەم فڕۆكە ئیسرائیلیەكان كراوەتەوە بۆ بەكارهێنانی كایەی ئاسمانیی بەحرەین لەو گەشتانەی بۆ ئیمارات ئەنجامی دەدەن.
رۆژی پێشتر سعوودیە رێگەیدا بە بەكارهێنانی كایەی ئاسمانیی وڵاتەكەی بۆ ئەو گەشتە ئاسمانییانەی لە تەواوی وڵاتانەوە بۆ ئیمارات ئەنجام دەدرێت. رۆژی یەك شەممە، یەكەم گەشتی بازرگانیی لەنێوان تەلئەبیب و ئەبو زەبی ئەنجامدرا. بۆ یەكەمجار لە مێژوودا سعوودیە رێگەیدا فڕۆكەی سەربە هێڵی ئاسمانیی ئیسرائیل كایەی ئاسمانی وڵاتەكەی بەكاربهێنێت.
شاندی ئیسرائیل دوای دیدار و كۆبوونەوەكانی لە ئەبو زەبی كاتێ بەرەو تەل ئەبیب گەڕایەوە كایەی ئاسمانی سعوودیەی بەكارهێنا.
بە هۆی ئەوەی پەیوەندی دیپلۆماسیی نەبوو لەگەڵیدا، سعوودیە رێگەی نەدەدا فڕۆكەكانی ئیسرائیل كایەی ئاسمانییەكەی بەكاربهێنن.