سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كردووە، كە نامە حەوت خاڵییەكی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان “بابەتێكی ستراتیژییە و پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە نەتەوەیییەكانەوە هەیە و داواكاریی گشت لایەنە سیاسییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەیە.
لە راگەیاندنەكەدا هاتووە :
لە ڕێكەوتی 14ـی 12ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە وەك ڕێنمایی و لە چوارچێوەی حەوت خاڵدا داوای لە وەزارەت كردووە دیاردەی حزبایەتی لە نێو ڕیزەكانی پێشمەرگە نەمێنێت و هێزی پێشمەرگە لەسەر بنەمایەكی نیشتیمانی ڕێكبخرێت و ئەرك و كاری ناو وەزارەت بەپێی دامەزراوەیی بوون بێت نەك بە پێی پێوەرە حزبییەكان.
جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی نامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بابەتێكی ستراتیژییە و پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانەوە هەیە و داواكاریی گشت لایەنە سیاسییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەیە و درێژەپێدەری ڕەوتی چاكسازی و هەوڵدانە بۆ بەنیشتیمانیكردنی دامودەزگەی سەربازیی هەرێم و دوورخستنی دەستی حزبایەتی لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ئەو بابەتە لە ئەنجامی ڕاوێژی نێوان بارزانی و مام جەلال و سەركردایەتیی پارتی و یەكێتی هاتووەتە ئاراوە و پێشتر بە تێروتەسەلی قسەی لەبارەیەوە كراوە و پێویست ناكات پرس بە كەس بكرێت. زیاتر لە هەموو لایەنێكیش یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پەلەی ئەوەی هەبووە كە بۆ بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی عەمەلی بنرێت. ئەگەر بۆچوونێكیش لەناو هەر لایەنێك هەبێت كە دژی پڕۆسەكە بێت ئەوە دژی خواست و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستانە.
پێویستە پڕۆسەی بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەربكەوێت و هەموو لایەك پاڵپشتی بن و كەسیش ناتوانێ ڕێگریی لێبكات. ئەگەر كەسێكیش بیەوێت كۆسپ لەبەردەم پڕۆسەیەكی وا بایەخداری نیشتیمانیدا دروست بكات دەبێ خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكات.