هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

ئامادەکاری جلوبەرگ بۆ جەژنی قوربان بەهۆی سووتانی بازاڕی قەیسەری سست بووە

ساڵانە لەگەڵ هاتنی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان، هاووڵاتییان بە مەبەستی درووینی جلوبەرگی نوێ، سەردانی بەرگدرووەکان دەکەن و بۆ ئەوەی جلی تایبەت بە یادەکان بپۆشن.
بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر، کە نزیکەی 300 دوکانی بەرگدرووی تێدایە و بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ خەریکی درووینی جلوبەرگی کوردین بۆ هاووڵاتییان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سووتانی بەشێکی بازاڕەکەوە، دوکانەکان تەواو وێران بوونە و کاسبکاران لە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانیانن، هەندێکیان ئامێرەکانی درووینیان بردووەتەوە ماڵەوە و لەوێ خەریکی پیشەکەیانن، هەندێکی دیکەش بەشێوەیەکی کاتیی تا ڕۆژی جەژنی قوربان دوکانەکەیان نۆژەنکردووەتەوە و دواتر دایدەخەن تا ئەو کاتەی تەواوی بازاڕەکە نۆژەندەکرێتەوە.
خاوەنی بەرگدرووی ئارام کە دوکانەکەی تەواو سووتاوە و لەسەر ئەرکی خۆی نۆژەنی کردووەتەوە تا بۆ جەژنی قوربان بتوانێت خواستی موشتەرییەکانی جێبەجێ بکات، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی سووتانی بازاڕەکەوە، سەدا 75ی مووشتەرییەکانیان کەمیی کردووە.بەرگدروو، ئارام عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی: "لە ساڵی ١٩٧٠یەوە باوکم لێرە بەرگدروو بووە، بۆخۆشم سی ساڵ زیاترە لێرەم، دوو دوکانمان هەیە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی بۆنەکان، ئەم بازاڕە جمەی دەهات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سووتانی بەشێکی بازاڕەکە، سەدا 75ی مووشتەرییەکانمان کەمیی کردووە، یەکێک لە دوکانەکانمان بەشێوەیەکی کاتی نۆژەنکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەم چەند ڕۆژە تا دەگاتە جەژنی قوربان کاری تێدا بکەین".
لەبارەی جیاوازی جەژنەکانی ڕابردوو بەراورد بە ئەمساڵ، ئارام عەلی گوتی: "جیاوازییەکەی زۆرە، ساڵانی پێشوو دوو هەفتە بەر لە جەژن نەماندەتوانی قوماش لە خەڵک وەرگرین بۆ ئەوە جلەکانییان بۆ بدرووین، بەڵام ئێستا کە دوو ڕۆژ جەژن ماوە، دەتوانین وەریبگرین، لە ڕووداوی سووتانەکەدا بە بەهای 60 هەزار دۆلار زیانم بەرکەوت، ئێستاش ئەم دوکانەمان بەشێوەیەکی کاتیی نۆژەنکردووەتەوە، دەبێت ڕۆژی عەڕەفە چۆڵی بکەین و دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە".
هاوکات یەکێک لە بەرگدرووەکان کە ئەویش دوکانەکەی بەشێوەکەی کاتیی نۆژەنکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی دۆخی بازاڕەکەوە، خەڵک ناتوانن سەردانمان بکەن چونکە بازاڕەکە لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە و هەندێکجار تەپ و تۆز تەواوی کۆڵانەکان دادەپۆشێت.
بەرگدروو، دلشاد سدیق ڕەشید لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بەهۆی سووتانی بازاڕەکەوە، موشتەرییەکانمان بەڕێژەی سەدا 50 کەم بووەتەوە، هاوکات بەهۆی ئەوەی مووچە نەدراوە و خەڵکیش لە جەژنی ڕەمەزان جلوبەرگی کڕیووە، بۆیە کەمتر بۆ جەژنی قوربان جلوبەرگی نوێ دەدروون".
دلشاد سدیق ڕەشید گوتیشی: "جاری وا هەبووە دوو هەفتە پێش مانگی ڕەمەزان نەماندەتوانی قوماش وەربگرین، بەڵام ئەمساڵ زۆر جیاواز بووە و تا درەنگ قوماشمان لە موشتەرییەکانمان وەرگرت، هەرچەندە بەهۆی ئەو دۆخەوە موشتەرییەکانمان بڵاوبوونەوەتەوە، جگە لەوەش، بەهۆی نۆژەنکردنەوەکە خەڵک نایەتە ئەم بازاڕە و، لەلایەک ڕێگاکانی هاتنە ژوورەوە زۆربەیان داخراون، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کارکردن لە بازاڕەکە تەپ و تۆزێکی زۆر هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کارەکانمان هەیە".
شەوی 5ی ئایاری 2024، ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی ھەولێر کەوتەوە و نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند تا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانییان کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، دوای ڕووداوەکەش پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند کە بەھۆی ئاگرەکەوە 228 دوکان و، 7 کۆگا سووتان، هاوکات 123 کەسیش لە ڕووداوەکە بریندار بوون.
ھاوکات ڕۆژی 8ی حوزەیران، پارێزگای ھەولێر ئومێد خۆشناو لەبارە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە ڕایگەیاند کە ئەو شوێنانەی لەو بازاڕەدا زیانیان بەرکەوتووە، دوو بەشن، بەشێکیان قەیسەری نوێیە و پێشتر نۆژەنکراوەتەوە بەڵام بەشێکی دیکەیان قەیسەری کۆنی پێدەگوترێت و شوێنەوارە، ئەم بەشەیان ئاسان نییە و لەژێر رێنماییەکانی یونیسکۆ نۆژەن دەکرێتەوە.
ئومێد خۆشناو راشیگەیاند کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو بازاڕە لەسەر بوودجەی پارێزگا دابینکراوە و بڕەکەی پێنج ملیار و سێ سەد ملیۆن دینارە و لەماوەی نزیکەی یەک ساڵدا پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەبێت.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
146,800 دینار
100 یۆرۆ
152,500 دینار
100 پاوه‌ند
188,800 دینار
100 لیره‌
3550 دینار
100 تمه‌ن
9.160.000 دینار