هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر ٣٧٢ دوکان سووتاون

شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی ھەولێر کەوتەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاند.

ھەرچەندە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە بەڵام ھێشتا دووکەڵ لەسەر بازاڕەکە دەبینرێت و تیمەکانی قایمقامیەت و بەرگری شارستانی خەریکی ھەڵسەنگاندنن بۆ دیاریکردنی زیانە ماددییەکان.

لیژنەکان بە شێوەیەکی مەیدانی لە بازاڕەکەن و خەریکی لێکۆڵینەوەکانن، سەرجەم ڕێڕەوەکانی چوونە نێو بازاڕەکە داخراون تا لیژنەکان کاری خۆیان تەواو دەکەن.

شەوی ڕابردوو لەمیانی ئاگرکەوتنەوەکە، دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری گەیشتنە شوێنەکە و بەشێکیان توانییان کەلوپەلەکانییان ڕزگار بکەن و ھێزە ئەمنییەکانیش بەچڕی لە بەشی زێڕەنگەرانی بازاڕەکە بڵاوەیان پێکرابوو بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.

قایمقامی ھەولێر نەبەز عەبدولحەمید بە میدیاکانی ڕایگەیاند کە لەم ڕووداوەدا ٣٧٢ دوکان سووتاون و دوو لیژنەش بۆ ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و زیانەکانی ئەم ڕووداوە پێکھێنراون.

نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند کە بەشی زێڕینگەرانی بازاڕەکە بە ملیۆنان دۆلاری تیادابووە خۆشبەختانە ھیچ حاڵەتێکی دزیکردن نەبووە و هێزە ئەمنییەکان تا ئێستاش لە شوێنەکە بڵاوەیان پێکراوە.

بە گوتەی قایمقامی هەولێر لە ڕووداوەکە، شەش کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە دوو لەوانە بەهۆی کەوتن بووە، ئەوانی دیکەش بەهۆی هەناسەتەنگییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، پێنج ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی شاری ھەولێر کەوتووەتەوە بەجۆرێک لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە، دوای یەک مانگ و لە ٢٧ی شوبات جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە، لە ٩ی ئادار ئاگر لە کۆگایەکی گەورە کەوتەوە لە پیشەسازی باکوور، لە ٢٧ی نیسان ئاگر لە بەشێک لە دوکانەکانی گۆڕەپانی بازاڕی نیشتمان کەوتەوە، دوا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەش ئێوارەی دوێنێ ٥ی ئایار بە ھۆکارێکی تا ئێستا نادیار، ٣٧٢ دوکانی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر سووتان.

جێی ئاماژەیە ئێوارەی ٥ی ئابی ٢٠١٨ ئاگرێک لە بازاڕی سێبیرانی قەیسەری کەوتەوە و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر دوکان سووتان.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
145,450 دینار
100 یۆرۆ
171.000 دینار
100 پاوه‌ند
195.500 دینار
100 لیره‌
6.000 دینار
100 تمه‌ن
3.250 دینار