لەگەڵ بەردەوامی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، 90 پارێزەر لە ئەمریکا داوایان لە حکوومەتەکەی جۆ بایدن کرد کە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت.
ماڵپەڕی "Politico"ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە 90 پارێزە نامەکەیان ئاراستەی حکوومەتەکەی جۆ بایدن کردووە و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە کە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، یاساکانی ئەمریکا و یاسای نێودەوڵەتییان پێشێل کردووە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو پارێزەرانە لە نامەکەیاندا، ئاماژەیان بە ڕاپرسییەک کردووە کە تیایدا زۆربەی لایەنگرانی جۆ بایدن پاڵپشتی لە ڕاگرتنی ناردنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل، دەکەن.
باسی لەوەش کردووە کە پارێزەرەکان، ھەروەھا داوایان لە وەزارەتی دادی ئەمریکا کردووە، لیکۆڵینەوە بکات کە ئایا ئەو ھاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە لە سوپای ئیسرائیل کار دەکەن، بەپێی یاساکانی ئەمریکا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە یان نا.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەند ھەفتەیەک لەمەوبەر، کۆنگرێسی ئەمریکا ھاوکاری دیکەی سەربازی بەبڕی 26 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئیسرائیل پەسەند کرد.