دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هه‌مواری یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی له‌شفرۆشی وهاوڕه‌گه‌زبازی په‌سه‌ندكرد، ئه‌مریكا نیگه‌رانى خۆى نیشاندا.
له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاندوه: زۆر نیگه‌رانین له‌و یاسایانه‌ی كه‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندی كردون، كه‌به ده‌ركردنى ئه‌م یاسایه مافی مرۆڤ وئازادییه بنه‌ڕه‌تییه پارێزراوه‌كانی ده‌ستور ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌و ڕێوشوێنه هه‌ڕه‌شه له‌لاوازترین كه‌سانی كۆمه‌ڵگای عێراق ده‌كات وده‌كرێت بۆ ڕێگریكردن له‌ئازادی قسه‌كردن و ڕاده‌ربڕینی كه‌سی به‌كاربهێنرێت، هه‌روه‌ها بۆ ڕێگریكردن له‌كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له سه‌رتاسه‌ری عێراقدا به‌كاربهێنرێت.
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه: ئه‌و یاسایه توانای عێراق لاواز ده‌كات بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابوری و ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنانی بیانی، هاوپه‌یمانییه بازرگانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێشتر ئاماژه‌یان به‌وه كردبو كه ئه‌و جۆره جیاكارییه له‌عێراقدا زیان به بازرگانی وگه‌شه‌ی ئابوری وڵات ده‌گه‌یه‌نێت.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ڕێزگرتن له‌مافه‌كانی مرۆڤ ویه‌كگرتنی سیاسی وئابوری بۆ ئاسایش وسه‌قامگیری وخۆشگوزه‌رانی عێراق زۆر گرنگه.
دوێنێ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌یه‌كه‌م بڕگه‌ی كۆبونه‌وه‌ی دا هه‌مواری یاسای به‌ره‌نگاربونی له‌شفرۆشی وهاوڕه‌گه‌زبازى په‌سه‌ندكرد، به‌پێی هه‌مواری یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی له‌شفرۆشی، ژماره (8)ی ساڵی 1988، هاوڕه‌گه‌زخوازی به تاوان داده‌نرێت وهه‌ركه‌سێك په‌یوه‌ندییه‌ك دروست بكات كه‌بچێته چوارچێوه‌ی "لادانی سێكسی" سزاده‌درێت.