سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پێشوازی لە سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکۆمار ئەردۆغان بەسەردانێکی فەرمی، گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پێشوازی لە سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە.
سەرکۆماری ئەردۆغان کاتژمێر ٠٩:١٥ لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بەرەو عێراق بەرێکەوتبوو.
لەو سەردانەیەدا، ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان و وەزیری ناوخۆ، عەلی یەرلیکایا و وەزیری بەرگریی، یاشار گولەر و وەزیری بازرگانی، عومەر بۆلات و وەزیری گواستنەوە و ژێرخان، عەبدولقادر ئورالئۆغڵو و وەزیری کشتوکاڵ و دارستان، ئیبراھیم یوماکڵی و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، ئالپارسلان بایراکتار و وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجی، مەھمەت فاتیح کاجر و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتوون و گەورەڕاوێژکاری سەرکۆمار بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەکی و ئەمنیی، باڵیۆز ئاکیف چاغتای کڵج یاوەری سەرکۆمار ئەردۆغان دەکەن.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەرکۆمار ئەردۆغان، لە بەغدا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدولڵەتیف ڕەشید و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە.
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دوای تەوابوونی کۆبوونەوەکەیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەش ساز دەکەن و چەند ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەردوو وڵاتدا واژوو دەکرێت.
سەرکۆمار ئەردۆغان ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی ھەولێر دەکات.