فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕەتی کردەوە کە ئەمڕۆ شەممە، ھیچ ھێرشێکی ئاسمانییان لە عێراق ئەنجام دابێت و ڕاشیگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە ڕاستییەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە باسیان لەوە کردووە کە ھێزەکانی ئەمریکا، ھێرشی ئاسمانییان بۆسەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "ئێمە لەو ڕاپۆرتانە ئاگادارین کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەمڕۆ، ئەمریکا ھێرشی ئاسمانی لە عێراق ئەنجامداوە".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەو ڕاپۆرتانە لە ڕاستییەوە دوورن، ئەمڕۆ ئەمریکا ھیچ ھێرشێکی ئاسمانی لە عێراق، ئەنجام نەداوە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشتر میدیاکانی عێراق لە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنییان گواستبوویەوە کە ئەمڕۆ شەممە، بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل، بە ئاراستەکردنی دوو مووشەک بۆردومان کراوە.
لای خۆیەوە دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەدابوو کە تەقینەوەیەک لە بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بنکەی کالسو لە ناحیەی مەشروع باکووری پارێزگای بابل ڕووی داوە کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.