هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

هەڵبژاردن لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لەسەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیانپێكرد.
عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ جیهان چاوی لەسەرمانە، پێویستە دڵی نەیارەكانمان خۆش نەكەین.
لەو دوو هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ پەرلەمان 15 هەزار و 200 كاندید بۆ 290 كورسی و، هەروەها 144 كاندید بۆ 88 كورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری كێبڕكێ دەكەن.
هەڵبژاردنی خولی دوازدەیەمی پەرلەمان و خولی پێنجەمی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران بەڕێوەدەچێت و بەپێی ئامارەكان، لە كۆی 85 ملیۆن هاووڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، 61 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە" كە 30 ملیۆن دەنگدەر، واتە نزیكەی نیوەی دەنگدەران ژنانن.
هەڵبژاردنی هەردوو دامەزراوە یاساییەكەی ئێران بە یەك خول بەڕێوەدەچێت، 59 هەزار بنكەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەكراون، كە بۆ كردنەوەی ئەو بنكانە سوود لە قوتابخانە و مزگەوتەكان وەردەگیرێت.
كورسییەكانی پەرلەمانی ئێران لە 290 كورسی پێكهاتووە، كە لە هەموو ناوچەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، 15 هەزار و 200 كاندید كێبڕكێی لەسەر دەكەن.
هەروەها 88 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، بە دەنگدانی راستەوخۆ بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن، 144 كاندید خۆیان بۆ ئەم ئەنجوومەنە كاندید كردووە كە سەرجەمیان پیاون. ئەم ئەنجوومەنە دەسەڵاتی گۆڕین و متمانەبەخشینی بە رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، كە بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەكەیە.
لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی كوردستان چاوەڕێدەكرێت رێژەی دەنگدان لەخوار رێژەی لەسەدا 50 وە بێت، چونكە لایەنە سیاسییەكان و چالاكانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵمەتێكی چڕی داواكاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان دەستپێكردووە و، ئەو هەڵبژاردنانە بە شانۆ ناودەبەن.
لەدوای راپەڕینەكانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تاكو ئێستا، جۆرێك لە رەوشی نائاسایی لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچێت و، گووشاری زۆر لەسەر هاووڵاتیان هەیە، بۆیە خواستی بەشداریكردن كەمە.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
150,800 دینار
100 یۆرۆ
166,900 دینار
100 پاوه‌ند
188,800 دینار
100 لیره‌
3300 دینار
100 تمه‌ن
7.100.000 دینار