میسر، ئیمارات و ئوردن ڕایانگەیاند بە ڕێگەی ئاسمانییەوە یارمەتییان گەیاندووەتە کەرتی غەززە کە لە ژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە.
تەلەڤیزیۆنی قاهیرە لە زمان بەرپرسێکی میسری گواستوویەتەوە کە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی بە هاوکاریی ئوردن و ئیمارات، کۆمەڵێک هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە کەرتی غەززە.
لە هەواڵەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە پێویستە هاوکارییەکان لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییە بگاتە خەڵکی لێقەوماوی غەززە و لەم قۆناغەدا تەنیا توانراوە ١٠ تۆن هاوکاریی میسر بگاتە ناوچەکە.
ڕاشگەیەندراوە کە هاوکارییەکانی ئوردن و ئیماراتیش کە بە گشتی ٤٠ تۆن بووە گەیەندراوەتە خەڵکی ناوچەکەش و هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە ٥٠ تۆن یارمەتی دیکەی ئەو وڵاتانە گەیشتووەتە میسر کە وەک پردێکی پەیوەندیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.