وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە ١٢٠ نەخۆش لە کۆمەڵگای پزیشکی ناسر شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە، پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە ھەیە، بۆیە پێویستە لە نەخۆشخانەکە بگوازرێنەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سوپای ئیسرائیل لە کاتی ھەڵکوتانەسەر کۆمەڵگای پزیشکی ناسر، زیانێکی زۆری بە کۆمەڵگا پزیشکییەکە گەیاندووە و ھاتووە: "کۆمەڵگای پزیشکی ناسر، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات، چونکە لەئێستادا تیمە پزیشکییەکان ناتوانن خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە نەخۆشخانەکان بکەن".
ڕاشیگەیاندووە کە ١٢٠ نەخۆش لە کۆمەڵگای پزیشکی ناسر، پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە ھەیە، بۆیە پێویستە لە کۆمەڵگای پزیشکییەکە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆخشخانەکانی دیکە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە کە بەپەلە پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ کۆمەڵگای پزیشکی ناسر دابین بکەن، ھەروەھا گوشاری لەسەر سوپای ئیسرائیل دروست بکەن، بۆ ئەوەی کارمەندانی تەندروستی لە کۆمەڵگا پزیشکییەکە ئازاد بکات.
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، تێدرۆس ئەدھانۆم گێبرێیسس ڕایگەیاندبوو، کۆمەڵگای پزیشکی ناسر لە شاری خان یونس کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە گەمارۆدراوە، لەتوانایدا نەماوە خزمەتگوزاری پێشکەش بکات.