حووسییەکان لە یەمەن ڕایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی سەنعای پایتەخت و پارێزگای تەعز باشووری ڕۆژئاوای یەمەن لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە، نۆ کەس کوژران و برینداربوون.
کەناڵی مەسیرە سەربە حووسییەکان بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە میانی ھێرشێکی ئاسمانییدا، ناوچەی شەمیر-یان لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز بۆردومان کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، کەسێک کوژراوە و شەشی دیکەش برینداربوون.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی لە حکوومەتی حووسییەکان لە یەمەن کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدا نەنراوە، ڕایگەیاند کە ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە میانی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانییدا، گەڕەکی نەھزەیان لە سەنعای پایتەخت بۆردومان کردووە و بەھۆیەوە، دوو کەس برینداربوون.
تا ئێستا ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، ھیچ ڕاگەیاندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ یەکشەممە، حووسییەکان لە یەمەن ڕایانگەیاندبوو کە ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، ٢٢ ھێرشی ئاسمانییان بۆسەر پارێزگاکانی سەنعا، حەججە و تەعز لە یەمەن ئەنجامداوە.