دادگای تونسی بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایش سزای هەشت ساڵ زیندانیكردن بەسەر محەمەد مونسیف مەرزوقی سەرۆكی پێشووتر تونس دا سەپاند.
محەمەد مونسیف مەرزوقی، لە نێوان ساڵی 2011 بۆ 2014 سەرۆكی تونس بوە و ئێستا لە فەڕەنسا دەژی، لە میدیاكاندا وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەختی قەیس سەعید سەرۆكی ئێستای تونس خۆی دەردەخات، دژی بڕیارە خۆسەپێنەكانی قەیس سەعید سەرۆكی ئێتای تونس قسە دەكات، هەروەها پێشتر لە ساڵی 2021 بەبێ ئامادەبونی خۆی، دادگای تونس بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە ئاسایشی تونس سزای چوار ساڵی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەمڕۆش میدیاكانی تونس لە زاری محەمەد زەیونە وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری تونس بڵاویانكردەوە: بەهۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی و تێكدانی ئاشتەوایی محەمەد مونسیف مەرزوقی، سەرۆكی پێشوتر لەلایەن دادگای تاوانەكانەوە سزای هەشت ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە.
وتیشی: سەرۆكی پێشوتری تونس، لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بانگەشەی دژی سەرۆكی تونس دەكات بۆیە دادگا بڕیاریداوە، دۆسیەیەكی سەربەخۆ لە دژی بكاتەوە.