شارەزای سەربازیی، عیاد تۆفان پێی وایە "ئەگەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، ئەوە لێکەوتەی زۆر لەسەر ئاستی سەربازیی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، چونکە ھێشتا عێراق لەڕووی ھەواڵگریی و ئاسمانییەوە پێویستی بە پاڵپشتی ئەمریکا و ھاوپەیمانان ھەیە".
پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بووەتە جێی مشتومڕی عێراقییەکان بە تایبەتی کە زۆربەی لایەنە شیعەکان داوا دەکەن ھێزە بیانییەکان بەتایبەتی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، ھاوکات شارەزایانی سەربازیی ڕایدەگەیەنن کە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا کاریگەری زۆر خراپی لەسەر دۆخی ئەمنی لە عێراق دەبێت و بە دووری نازانن بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دووبارە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بە بەهێزییەوە لە عێراق سەرھەڵبداتەوە.
تا ئێستا دوو کۆبوونەوەی باڵای سەربازیی لە نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق ئەنجام دراون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی کۆتایی بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بھێنێت.
ڕۆژی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤ بە بڕیاری ئەمریکا، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا، پێکھێنرا.
دوای ئەوەی ڕێکخراوی چەكداری داعش لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا گرت، وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، ھێزی سەربازییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکە ڕەوانەی عێراق کرد.
سەرەتا ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، پێنج ھەزار سەربازی ڕەوانەی عێراق کرد، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق کەمکرایەوە بۆ دوو ھەزار و ٥٠٠ سەرباز.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا لەژێر فشاری لایەنە شیعەکان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دەرکردنی ھێزە بیانییەکانی دا، بەڵام ھێشتا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.
لە ٧ی نیسانی ٢٠٢١ بەغدا و واشنتۆن، ڕایانگەیاند کە ڕێککەوتوون لەسەر گۆڕینی ئەرک و ڕۆڵی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆ ئەرکی ڕاوێژ و مەشق و ڕاھێنان.
لە ئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر جێگرکراون.
بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوای ئەوە ھات کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی عێراق، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا لە حەشدی شەعبی، موشتاق تاڵب سەعیدی ناسراو بە (ئەبو تەقوا) و دوو فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەگەڵ ٣٩ چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی کوژران، ھەروەھا ٩١ چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی برینداربوون.
- "کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەم کاتە ئاڵۆزەدا عێراق بەرەو مەترسی زیاتر دەبات"
لەمبارەیەوە شارەزای سەربازیی، لیوا محەمەد سابیر لەبارەی لێکەوتەکانی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەسەر دۆخی ئەمنی لە عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق لەم کاتە ئاڵۆزەدا، بەتایبەتی کە ئێستا ناوچەکە شەڕێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، عێراقیش بەشێکە لەم ناوچەیە، کێشەکان قۆڵتر دەکاتەوە و عێراقیش بەرەو مەترسی زیاتر دەبات، چونکە تا ئێستا عێراق نەکەوتووەتە سەر پێی خۆی و نەیتوانیووە ھێزێکی نیشتمانی زۆر بەھێز دروست بکات، جگە لەوەش سەروەریی و ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراقدا نییە، ئەمە وێرای ئەوەی کە ئێستا ململانێیەکی زۆر لەنێوان ھێزە عێراقییەکاندا هەیە بە تایبەتی لەنێوان شیعە، سوننە و کورد و تەنانەت لەنێو خودی پێکهاتەکانیشدا ململانێکە هەستی پێ دەکرێت، جگە لەوەش عێراق نەیتوانیوە ئابوورییەکی سەربەخۆی ھەبێت و تا ئێستا لەژێر بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا دایە، بۆیە دواجار کشانەوەی ئەو ھێزانە، عێراق دەباتە دۆخێکی زۆر خراپەوە".
ڕاشیگەیاند: "وڵاتانی ھەرێمی لە عێراق، ڕۆڵێکی سەرەکیان ھەیە، چونکە هەر کاتێک حکوومەتێک لە عێراق پێکبهێنرێت، ئەوا وڵاتانی ھەرێمی دەستوەردانی تیایدا دەکەن بە تایبەتی ئێران، ئەوەش بەھۆی ئەوەی عێراق سنوورێکی زۆر بەرفراوانی لەگەڵ ئێراندا ھەیە، ھەروەھا لە ڕووی تێکەڵبوونی مەزھەبییەوە، ئێران دەستی زۆری خستووەتە ناو عێراقەوە، چونکە شیعەکان لە عێراق زیاتر ھاوسۆزن لەگەڵ حکوومەتی ئێران، ھەروەھا ئەو حکوومەتەی کە لە عێراقدا پێکدەهێنرێت، دەبێت زیاتر مەیلی بەلای ئێراندا ھەبێت".
لیوا محەمەد سابیر لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، لەسەر ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە ھەیە، گوتی: "ھێشتا تیرۆریستانی داعش لەناونەبراون و بوونیان ھەیە، ناو بەناو لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراق، ھەروەھا لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕالی کە بۆشایی ئەمنییان تیایدایە، جموجۆڵیان ھەیە و کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، لەبەر ئەوە ئەگەر ھاوپەیمانان لە ئاسمانەوە تیرۆریستانی داعش نەکەنە ئامانج یان کێشە لەنێوان پێکھاتەکانی سوننە، شیعە و کورد لە عێراق دروست بێت، ئەوا لێرە داعش دەرفەتێکی باش بۆ خۆی دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی یارییەکە بباتەوە، جگە لەوەش ئێستا بەعسی و سەدامییەکان ھەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و بەشداری لە سیستەمی حوکمڕانی عێراقدا بکەن".
ئاماژەی بەوەشدا کە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان، لە بەرژەوەندی عێراقییەکان، حکوومەت و سوپای عێراقدا نییە و گوتی: "بۆ حکوومەتی عێراق باش دەبێت، ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیماناندا بکات ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە بەشێوەیەکی کاتیش بێت، بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر پێی خۆی، لە کاتی کشانەوەی ئەمریکا و ھاوپەیمانان ئەوا عێراق لە کۆنترۆڵ دەردەچێت، بۆیە پێویستە ھەموولایەک ھاوکاری حکوومەتی عێراق بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزێتەوە تا عێراقێکی سەقامگیر بەدی بێت، نەک ئەو عێراقەی کە ئێستا دەیبینین".
-" بەھیچ شێوەیەک ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە"
شارەزای سەربازیی، عیاد تۆفان پێیوایە کە بەھیچ شێوەیەک ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە و لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێزەکانی ئەمریکا ھاتوون تا لە عێراق بمێننەوە و چەندین بنکەی سەربازیی تایبەت بەخۆیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە عێراق دامەزراندووە، ئەگەر ھاتوو ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە، ئەوا لێکەوتەی زۆر لەسەر ئاستی سەربازیی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، چونکە ھێشتا عێراق لەڕووی ھەواڵگریی و ئاسمانییەوە پێویستی بە پاڵپشتی ئەمریکا و ھاوپەیمانان ھەیە. جگە لەوەش تا ئێستا نەتوانراوە بە سیستەمێکی بەرگریی، ئاسمانی عێراق بە باشی بپارێزرێت، بەو پێیەی کە بەردەوام دەبەزێندرێت، ھەروەھا ھێشتا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بەکارھێنان و چاککردنەوەی چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بە تایبەتی فڕۆکەی جۆری (ئێف -١٦) پێویستیان بە یارمەتی ھێزەکانی ئەمریکایە ئەمە لە ڕووی سەربازییەوە. لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەگەر ئەمریکییەکان دەست لەسەر ئەو پارانەی عێراق ھەڵبگرن کە لە بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا دانراون، ئەوا ئەو کۆمپانیایانەی کە عێراق پێیان قەرزدارە لەشەو ڕۆژێکدا دەست بەسەر ئەو پارانەدا دەگرن".
گوتیشی: "تا ئێستا داھاتەکانی فرۆشتنی نەوتی عێراق، دەچنە بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا و لەوێیەوە بە لیست پێشکەش بە حکوومەتی عێراق دەکرێت، بینیمان لە ماوەکانی ڕابردوودا، ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق کەم کردەوە کە بەھۆیەوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی، دواتر ھاووڵاتییانی عێراق باجەکەیان دا، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، ئەوا سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکەش لە عێراق دەکشێنەوە. لەبەر ئەوە ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق بکشێنەوە، ئەوا عێراق ڕای گشتی نێودەوڵەتی لەدەستدەدات، تا ئێستا ئێمە بە درێژایی ٢٠ ساڵی ڕابردوو بەھۆی گەندەڵی و پشکپشکێنە و تایفەگەرییەوە، نەمانتوانیووە وڵاتێکی بەھێز دروست بکەین، بۆیە دەبێت کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بە واقعی بێت و دوور بێت لە دروشم، چونکە لە داھاتوودا، ناتوانین ئەو بۆشاییە پڕ بکەینەوە کە لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دروست دەبێت".
عیاد تۆفان لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، لەسەر ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە ھەیە، گوتی: "ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم، ژمارەیەک ناوچەن و ڕووبەری فراوانیان ھەیە کە لە ١٥٠ مەترەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ١٥ کیلۆمەتر و لە ماوەکانی ڕابردوودا، تیرۆریستانی داعش بۆ ئەنجامدانی پەلامارەکانیان سوودیان لە بوونی بۆشایی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بینیوە و تەنانەت لەو ناوچانە چەندینجار پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەیان داوە کە زیانی زۆری گیانیان ھەبووە، ھەروەھا نەبوونی متمانە لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم، بەجۆرێک دۆخی ئەو ناوچانەی ئاڵۆزتر کردووە کە تا ئێستا نەتوانراوە دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت".
ڕاشیگەیاند: "ئەگەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، ئەوا وا دەکات دووبارە تیرۆریستانی داعش بە بەھێزییەوە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان سەرھەڵبدەنەوە، چونکە ئەو ناوچانە نە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقن و نە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمن، ئەوەتا سێ ساڵ بەسەر کۆبوونەوە و گفتۆگوکان لەبارەی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە تێپەڕدەبێت تا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان جێگیر بکرێن، بەڵام تا ئێستا ئەو دوو لیوا ھاوبەشە پێک نەھێنراون، تەنانەت ئێستا ھیچ چالاکییەک وەک پێویست لە بنکەکانی ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەدی ناکرێت. ھێزەکانی ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی لەنێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە دەگرێن. فشار لەسەر ھەردوولا دروست دەکەن، تا بگەنە ڕێککەوتن. بۆیە دواجار کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێت".
ئەو شارەزا سەربازییە ئەوەی وەبیرھێناوە کە لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٦دا، ئەو کات سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و فەرماندەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ٣٥ ھەزار تیرۆریستی داعش لە عێراق بوونیان ھەیە، بەڵام دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەکانیش کە دوو ساڵی خایاند، دەرکەوت کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، تەنھا پێنج ھەزار تیرۆریستی داعش کوژراون. ٣٠ ھەزار تیرۆریستەکەی دیکەی داعش، بەشیکیان بەرەو سووریا ڕۆیشتن و بەشێکی دیکەیان ڕوویان لە بیابانەکانی عێراق کرد و گوتی: "ڕاستە ئێستا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش توانای کۆنتڕۆڵکردنی شار و شارۆچکەکانی نەماوە، بەڵام ھێشتا ھەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی عێراق".
گوتیشی: "ھێشتا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق پێویستیان بە یارمەتی و پاڵپشتی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان ھەیە بە تایبەتی لەڕووی ئاسمانیی و ھەواڵگرییەوە، چونکە سەرجەم ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دژبە تیرۆریستانی داعش ئەنجامیانداوە، بە پاڵپشتی ئاسمانی و ھەواڵگریی ھێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدراون، بۆیە تا ئەو کاتەی سوپایەکی بەھێز و تۆکمە لە عێراق دروست دەکرێت بەتایبەتی ھێزی ئاسمانی، پێویستە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە".