بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی راپرسیەك، هەڵسوكەوتەكانی چەند مانگی رابردووی جۆ بایدن بە تایبەت مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ دەستدرێژیەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە لایەن ئیسرائیلەوە و بێدەنگی ئیدارەكەی وایكردووە ئاستی پشتیوانی لێی دابەزێت.
رۆژی چوارشەممە زانكۆی كۆین باك راپرسییەكی ئاشكرا كرد، كە تەنها لە سەدا 34 ی دەنگدەران لەو باوەڕەدابوونە كە بایدن تەندروستییەكی عەقڵی باشی هەیە تا ببێتەوە سەرۆكی وڵات، كەچی لە سەدا 64 دەنگدەران لەو باوەڕەدان بایدن، لە رووی تەندروستی عەقڵییەوە، گونجاو نییە بۆ سەرۆكایەتیكردنەوەی ئەمریكا.
هەر لەو راپرسییەدا، لە سەدا 60 لەو بڕوایەدان دۆناڵد ترامپ تەندروستییەكی جەستەیی باشی هەیە بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی، بەڵام لە سەدا 48 لەو بڕوایەدان ترامپ لە رووی تەندروستی عەقڵییەوە، گونجاوە بۆ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی.
ئەم راپرسییە، دوای راپۆرتی راوێژكارێكی تایبەت دێت، سەبارەت بە مامەڵەكردنی بایدن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەكان. رۆبەرت هۆر لەو راپۆرتەدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بایدن بەدەست كێشەی بیرچوونەوە دەناڵێنێت.
رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز ئاشكرایكردووە، كۆشكی سپی زۆر بێزارە لەو رۆماڵەی رۆژنامەكە بۆ تەمەنی سەرۆك كە 81 ساڵە، ئەنجامیداوە.