حکوومەتی ژاپۆن بڵاویکردەوە کە پلانیان هەیە بەبڕی 32 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی زیاتر ڕەوانەی کەرتی غەززە بکەن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، کامیکاڤا یۆکۆ لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی G20 کە لە شاری ڕیۆ دی جانیڕۆی بەڕازیل بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا کامیکاڤا ڕەوشی کەرتی غەززە کە لە ژێر داگیرکاری و هێرشی ئیسرائیلدایە بە هەستیار ناوبرد و نیگەرانیی لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززە دەربڕی.
کامیکاڤا نیگەرانی قووڵی دەربڕی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح و، داوای لە لایەنەکان کرد ڕوانگەی مرۆیی لەبەرچاو بگرن.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، ئەوەیشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی پلانی هەیە بەبڕی 32 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی ڕەوانەی غەززە بکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن، هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێت.