ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) ڕایگەیاند کە ھێشتا ١٠ ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی و ٣٠٠ کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەکەدا، ماون.
ئاژانسەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە گەمارۆدان و ھەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونس و ھاتووە: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ڕێگای بە تیمەکانی سەربە ئاژانسی (UNRWA) و مانگی سووری فەڵەستینی داوە لەوەی ١٤ نەخۆش لە نەخۆشخانەی ناسر بگوازنەوە".
باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا گفتوگۆکان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بەردەوامن، بۆ ئەوەی بتواندرێت نەخۆشەکانی دیکە لە نەخۆشخانەی ناسر کە ژمارەیان ١٠٠ کەسە، بگوازرێنەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە ھێشتا ١٠ ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی و ٣٠٠ کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەی ناسر، ماون و ئاماژەی بەوەشداوە کە لەئێستادا، ٧٠ کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەکەدا، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەست بەسەر کراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا لە ئاکامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، ١٥٨ کارمەندی سەربە ئاژانسی (UNRWA) کوژراون.