ڕیپۆرتەری پێشووی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان میخائیل لینک دەڵێت، "کردەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لە قەیرانێکی مرۆییەوە بۆ کارەساتێکی مرۆیی و دواتر بەرەوە کۆمەڵکوژیی دەڕوات".
لینک لەبارەی دۆخی غەززە و ئەو کارەساتەی کە تووشی فەڵەستینییەکان بووەتەوە قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
میخائیل لینک لەم بارەیەوە گوتی، "کردەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لە قەیرانێکی مرۆییەوە بۆ کارەساتێکی مرۆیی و دواتر بەرەوە کۆمەڵکوژیی دەڕوات. لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە باشووری غەززە گیریان خواردووە".
ئەو ڕیپۆرتەرەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە دۆخی دانیشتووانی ڕەفەح دا و گوتی: "ئەوان پێویستیان بە خۆراک، ئاو، سووتەمەنی، کەلوپەلی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە هەیە کەچی لە حەشارگەکانی خۆیاندا ڕووبەڕووی بۆردومان دەبنەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکاندا میخائیل لینک ڕەخنەشی لە کۆمەڵگای جیهانی گرت کە هەوڵی پێویست بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە نادات و وەبیریشی هێنایەوە کە پڕۆژە یاسای جەزائیر بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان لە لایەن ئەمریکاوە ڤیتۆ کرا.
لینک لەم بارەیەوە گوتیشی: "ئەمریکا خەریکی پڕچەککردنی ئیسرائیلە و ئەستەم بزانرێت کەی ئەو ڕەفتارانە و کارەساتە لە ڕەفەح کۆتایی پێ دێت. هەتا ئەو کاتەی کە ئەمریکا بە ئیسرائیل دەڵێت، بەسە ئیتر".
ڕیپۆرتەری پێشووی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان میخائیل لینک هەروەها باسی لە پێوەرە یاساییەکان بۆ بەکۆمەڵکوژی ناساندنی تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە فەڵەستینییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە باسی کۆمەڵکوژیدا پێویستە نییەت و کردار سەلمێندراو بێت. لەم بارەیەوە میخائیل لینک قسە و لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلی وەبیر هێنایەوە و گوتی، "بۆچوونی زۆر لە لایەن ڕێبەرانی سیاسی و فەرماندەکانی سەربازیی ئیسرائیل دەبیندرێت کە دەیسەلمێنێت ئەوان نییەتی کۆمەڵکوژییان هەیە. بە پێی پێناسەکانی کۆمەڵکوژیی، لە ئێستادا کۆمەڵکوژی یان ئەنجام دراوە یان خەریکە ڕوو دەدات".