قودس.. خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل فشارەكانیان زیاتر دەكەن لەسەر نەتەنیاهۆ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست
شەوی رابردوو لەشاری قودس كەسوكاری دیلەكانی ئیسرائیل خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئەنجامدا و گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی پۆلیسی ئیسرائیلی داگیركەر دروست بوو، خۆپیشاندەران داوای راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادكردنی 134 دیلیان كرد كە ئێستا لە كەرتی غەززە دەست بەسەرن.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل داوای ئاگربەستی بەپەلە دەكەن لە نەتەنیاهۆ و رایدەگەیەنن هیچ مانایەك بۆ سەركەوتن نییە چونكە ئێستا وەكو ئەوەیە دیلەكان لەدۆزەخدابن، خۆپیشاندەرانی جولەكە رایانگەیاندووە كە شەقام چۆڵناكەن تاوەكو دیلەكان نەگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان.
خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل ئاگریان لەسەر شەقامەكان كردوە و چوونە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی ئیسرائیل و ماڵی نەتەنیاهۆ.
خۆپیشاندانی جولەكەكان لەكاتێكدایە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە وەزیرێكی حكومەتەكەی نەتانیاهۆ رایگەیاندووە ئەگەر تاوەكو مانگی رەمەزان دیلەكان ئازادنەكرێن، هێرشی بەرفراوانی زەمینی ئەنجامدەدەن، بۆیە كەسوكاری دیلەكان پێیان وایە لە ئەنجامی ئەو شەڕەی كە حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ بە نیازە لە رەفەح ئەنجامی بدات، دەبێتە هۆكاری كوژرانی دیلەكان، بۆیە ئێستا فشارەكانیان زیاتر كردووە لەسەر نتەنیاهۆ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئەنجامدانی رێككەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەكان.