وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی کە لە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نزیکن و ئاماژەی بەوەشدا کە پێشڤەچوون لە گفتوگۆکانیاندا لەوبارەیەوە بەدیهاتووە.
حەیان عەبدولغەنی لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە پێشڤەچوونی باش لە گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە هەرێم کاردەکەن، بەدیهاتووە.
گوتیشی: "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەندە بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم".
ئاشکراشی کرد کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە کارەکانیان لە هەرێم وەستاوە بە ئاراستەیەکی باش دەڕوات و بەم نزیکانە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەگەنە ڕێککەوتن.
لە 25ـى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێم رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە.
لە چواری نیسانی ٢٠٢٣دا، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی لە بەغدا، رێککەوتنێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم واژووکرا، بەڵام ھێشتا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم دەستی پێ نەکردووەتەوە.
ھاوکات وەزیری نەوتی عێراق عەبدولغەنی ڕاشیگەیاند کە عێراق لەم چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، پابەندە بەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت نەگەیێنێتە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و گوتی: "ئێستا عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار تاوەکو سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات".