ماوەی 62 رۆژە سوپای تیرۆرستی ئیسرائیلی داگیركار لەهێرشە ئاسمانی و زەمینی ودەریاییەكانی بۆ سەر كەرتی غەززە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی ودڕندەیی بەردەوامە و، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوو دا ژمارەیەك كۆمەڵكوژی دیكە بەرامبەر بەگەلی فەلەستینی ئەنجامداوە.
شەوی رابردوو سوپای تیرۆرستی ئیسرائیلی داگیركار بۆردومانی كەمپی مەغازی و كەمپی جەبالیا لەنێو كەرتی غەززە دا كردوەو، 19 هاوڵاتی فەلەستینی شەهید كراون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شوهەدای ئەقسا و بەشی هەرە زۆریشیان منداڵانن.
هەروەها لەبۆردومانێكی دیكە دا بۆ سەر ماڵێك لەشاری رەفەح، 18 فەلەستینی شەهید كراون و بەشی هەرە زۆریشیان منداڵ وژنن كە بۆ نەخۆشخانەی كوێتی تایبەت گواستراونەتەوە.
ئاژانسی وەفای فەلەستینی بڵاویكردۆتەوە: هێزەكانی تیرۆرستی ئیسرائیلی داگیركار ژمارەیەك بۆمبی فسفۆری و دۆكەڵیان بۆ سەر ناوەراستی كەمپی جەباڵیا هەڵدراوەتە خوارەوەو كۆمەڵكوژیان ئەنجامداوە،كە ئەمە چەندین جارە لەمیانی ئەم دوو مانگەدا سوپای داگیركار چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی لەدژی خەڵكی فەلەستین بەكاری هێناوە.
هەروەها لەپارێزگای غەززە لەناوەراستی كەرتەكە، بەیانی ئەمرۆ سوپای داگیركار كۆشتارگەیەكی دیكەی ئەنجامداوە و لە كەمپی نەصیرات و كەمپی رۆژئاوا لە خان یونس بۆردومانی ماڵی هاوڵاتیانی كردوە، كە بەهۆیەوە 19 هاوڵاتی فەلەستینی شەهید كراون.
لە7ی ئۆكتوبەرەوە تائێستا بەهۆی بۆردومانی هەرەمەكی سوپای تیرۆرستی زایۆنی، 16 هەزار و 248 هاوڵاتی فەلەستینی شەهید كراون و، لەكەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش بەگولەی راستەقینەی سەربازانی جولەكە 265 هاوڵاتی فەلەستینی شەهید كراون.