مانگی سوری میسری رایگەیاند، شەش فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەلعەریش لە باكوری سینا لە میسر نیشتونەتەوە كە 61 تۆن هاوكاری جۆراوجۆریان بۆ كەرتی غەززە هەڵگرتبوو، لە نێویاندا دوو فڕۆكەیان عێراقی كە 16 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكییان هەڵگرتووە.
خالید زاید، بەرپرسی لقی مانگی سوری میسری لە باكوری سینا، رایگەیاندوە: لەنێو ئەو فڕۆكانەی گەیشتونەتە فڕۆكەخانەی ئەلعەریش دوو فڕۆكە لە عێراقەوە هەبوون، كە 16 تۆن لە دەرمان و پێداویستی پزیشكی تێدابووە كە لەلایەن ژمارەیەك خێرخوازانەوە دابینكراوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، فڕۆكەیەك كە لە ئوردنەوە هاتوە 11 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكی یونیسێفی هەڵگرتبوو، هەروەها فڕۆكەیەك لە كوەیتەوە هاتووە 19 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكی هەڵگرتبوو، فڕۆكەیەكیش لە ئیماراتەوە هاتووە و دوو ئەمبولانس و كلینیكێكی گەڕۆك و 10 تۆن پێداویستی خۆراك و فریاگوزاری و پێداویستی نەخۆشخانەی مەیدانی هەڵگرتبوو، هەروەها فڕۆكەیەك لە ئەمریكاوە كە 5 تۆن پێداویستی پزیشكی هەڵگرتووە.
بەرپرسی لقی مانگی سوری میسری لە باكوری سینا دەڵێت، ژمارەی ئەو فڕۆكانەی لە 12ی (تشرینی یەكەم/10)ی ڕابردوەوە گەیشتونەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەلعەریش گەیشتوەتە 271 فڕۆكە كە نزیكەی حەفت هەزار تۆن هاوكاری جۆراوجۆریان هەڵگرتووە، كە لە 7 كۆگای پارێزراو لە شاری ئەلعەریش هەڵگیراون و گواستراونەتەوە بۆ غەززە بە هەماهەنگی نێوان مانگی سوری میسر و مانگی سوری فەڵەستین.