بانگەشەی ئەوە کرا کە لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی دیلی چاوەڕوانکراوی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە یەکەم قۆناغدا ئاگربەستێکی کورت مەودا ڕابگەیەندرێت و لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 دیلی ئیسرائیلی لە غەززە 150 دیلی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد بکرێن.
ماڵپەڕی هەواڵی "Axios" کە لە ئەمریکا پەخش دەکات، لە هەواڵێکیدا بە پشت بەستن بە "دوو سەرچاوەی جیا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە بابەتەکەوە هەیە" ئاماژەی بەوە کرد وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلی چاوەڕوانکراو لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر دیلێکی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە، سێ دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی لە ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
لە یەکەم قۆناغی ئەو ڕێککەوتنەی دوو قۆناغە، چاوەڕوان دەکرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی ئیسرائیلی کە حەماس لە غەززە دەستبەسەری کردوون، ئیسرائیل نزیکەی 150 فەڵەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن ئازاد بکات.
لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی چوار ڕۆژی لە غەززە ئەنجام بدرێت، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەشدا ئیسرائیل ڕەزامەندی نیشاندەدات لەسەر چوونە ناوەوەی 300 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی لە ڕۆژێکدا لە میسرەوە بۆ غەززە.
هەروەها باس لەوە کرا کە لە دووەم قۆناغدا حەماس لە بەرامبەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە 50 دیلی دیکە لە ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن ئازاد دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لەلایەن نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کورت مەودا و ئازادکردنی دەیان دیل لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕابگەیەندرێت.
لەو بارەیەوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس، عێزەددین ئەلڕیشی بەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: "ئیدی کارەکە لای قەتەرە. ئەوان ئاگربەستی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئیسرائیل ڕادەگەیەنن. لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا وردەکاری ڕێککەوتنەکە ڕادەگەیەندرێت".
بەپێی داتاکانی ئیسرائیل، لیواکانی عێزەددین قەسامی باڵی سەربازی حەماس، 239 دیلی ئیسرائیلی لەبەردەستدایە.