دەزگای پەخشی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە حكومەتی بنیامین ناتانیاهۆ گڵۆپی سەوزی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حەماس هەڵكردووە و چاوەڕێی وەڵامی سەركردەكانی حەماس دەكات بۆ گۆڕینەوەی دیل لە نێوان هەردوولادا.
لای خۆیەوە، ڕۆی شارۆن، شرۆڤەكاری كاروباری سەربازی لە كەناڵی كانی سەر بە پارتی دەسەڵات بە دەزگای پەخشی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، ئێستا ئیسرائیل لە چەند كاتژمێرێكی چارەنووسسازدان، بەو پێیەی لە هەموو كاتێك زیاتر نزیك بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ ڕاگرتنی شەر لەگەڵ حەماس، ئاماژەی بەوەشكردووە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە رێگەی وڵاتی قەتەرەوە حەماس پێشنیارێكی گەیاندە ئیسرائیل، لە ئیسرائیلیش گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن سەبارەت بە قبوڵكردنی مەرج و داواكارییەكانی بزووتنەوەی حەماس.
رۆی شارۆن ڕوونیشیكردەوە، ئێستا ئیسرائیل چاوەرێی وەڵامی حەماس دەكات، ئەگەر وەڵامی ئەرێنی بداتەوە، ئەوا ئێمە لە ئاگربەست نزیك دەبینەوە.
شرۆڤەكارە سەربازیەكەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە بۆ ماوەی 5 ڕۆژ دەبێت بەپێی رێككەوتنەوەكە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دواتر ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لەناو كەرتی غەززە بەردەوامی دەبێت.