سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، ئاماژەی بەوە کرد لە دەستبەکاربوونیەوە تا ئێستا، زیانی گیانیی مەدەنی لە شەڕ و پێکدادانەکانی غەززەدا هێندە بەرزە کە پێشتر لە شەڕ و پێکدادانەکانی دیکەدا نەبووە.
لە بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گوتێرێس وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بوون و نەبوونی ئامادەکارییەک سەبارەت بەو ڕەوشەی دوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە دروست دەبێت، گوتێرێس جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرەتا پێویستە ڕەوشی ئێستا بگۆڕدرێت.
گوتێرێس بانگەوازی بۆ ئاگربەستی مرۆیی، بەردەوامی گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان و ئازادکردنی گشت بارمتەکان نوێ کردەوە و ڕایگەیاند: "پێم وایە گرنگە ئەم تراژیدیایە بگۆڕین بۆ دەرفەت. دوای جەنگ پێویستە پێداگرانە و بێ پەشیمانی بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەتی هەنگاو بنێین''.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێویستی زانی حکوومەتی فەڵەستین بەرپرسیارێتیی لە غەززە بگرێتە ئەستۆ و گوتی: ''بەڵام حکووکەتی فەڵەستین نایەت هەتا تانکەکانی ئیسرائیل لە غەززەدا بن، لەبەرئەوە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تیشک بخاتە سەر پرۆسەیەکی ڕاگوزەر".
گوتیشی: "پێم وانییە چارەسەرێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروست بێت. پێویست بە هەڵوێستێکی فرەلایەنی هەیە. پێویست بە هاریکاریی وڵاتان و ڕێکخراوە جیاوازەکان هەیە".
گۆتێرێس ئەوەیشی خستەڕوو کە گەرەنتی ئەمنیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بۆ فەڵەستین گرنگە و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا ئامادەکاری بکات بۆ پرۆسەی ڕاگوزەر.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی بۆچی ڕووداوەکانی غەززە بە تاوانی جەنگ ناوزەند ناکات، گوتێرێس باسی لەوە کرد کە هەمیشە دژی پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و پێشێلکرییەکانی دەرهەق بە پاراستنی مەدەنیی وەستاوەتەوە و، بەڵام دەسەلاتێکی لەم شێوەیەی نییە.
گوتیشی: "بەڕای من لەوە گرنگتر کە بەوە ناوزەندی بکەین، تیشکخستنە سەر دۆخەکەیە. لە چەند هەفتەیەکدا لە غەززە هەزاران منداڵ کوژراون. ئەمە گرنگە. زیانی گیانیی مەدەنی لە کەرتی غەززە، من پێش ئەوەی وەک سکرتێری گشتیی دەستبەکاربم تا ئێستا، ئەوەندە بەرزە کە پێشتر لە پێکدادانەکاندا نەبووە".