سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستلەکارکێشانەوەی ھەریەک لە وەزیری پلاندانان، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و وەزیری رۆشنبیری کە سەربە پارتی تەقەدوومن، ڕەت کردەوە.
وتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، خالید بەتال نەجم و وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەکاک بەدرانی ڕەت کردووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەو سێ وەزیرە، دەگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان و دەست بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان دەکەنەوە.
ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنەکە ھەڵوەشاندەوە.
وەک کاردانەوەیەک دژ بەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی نوێنەرانی پارتی تەقەدووم کە محەمەد حەلبوسی سەرکردایەتی دەکات لە حکوومەتی عێراق کە بریتیبوون لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، خالید بەتال نەجم و وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەکاک بەدرانی، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.
ھەروەھا دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەندامانی ئەنجووومەنی نوێنەرانی عێراق سەربە پارتی تەقەدووم، دەستلەکارکێشانەوەیان لە سەرۆکایەتی لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کرد.