سوپای ئیسرائیلی داگیركەر ڕایگەیاند کە دوو سەربازی دیکەی ھێزەکانیان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ چەکدارە فەڵەستینییەکان لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون.
سوپای ئیسرائیلی داگیركەر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "دوو سەرباز لە کەتیبەی 890ی سەربە سوپای ئیسرائیل، بەناوەکانی دەیڤیر بارزانی (20 ساڵ) و یەنوون تەمیر (20 ساڵ) لە میانی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون".
سوپای ئیسرائیل، کۆی گشتی ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل بڵاونەکردووەتەوە کە لە 27ی مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لە باکووری کەرتی غەززە کوژران و برینداربوون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی کە لە7ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە شەهیدبوون، بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 13 ھەزار کەس کە لەنێویاندا پێنج ھەزار و 500 منداڵ و سێ ھەزار و 500 ئافرەت ھەن، ھەروەھا ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 30 ھەزار کەس.
هاوکای بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە ئاکامی ھێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، ھەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و پێنج ھەزار و 431 دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا 239 ئیسرائیلی دیکەیش بە دیلگیراون.