سەرچاوەیەك لە حكومەتی یەمەن رایگەیاند، هێزەكانیان كەشتییەكی گواستنەوەی ئیسرائیلیان دەستبەسەر كردوە كە لە دەریای سوردا دەڕۆیشت و 22 كەسی تێدابوە، بەگوێرەی ئاژانس و میدیاكانی یەمەن كە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەك لە حكومەتی یەمەنەوە بڵاویانكردۆتەوە، لەڕێگەی هێزەكانیانەوە لە دەریای سور دەستیان بەسەر كەشتیەكی ئیسرائیلیدا گرتوە.
بەرپرسێكی حوسی بە كەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، هێزە دەریاییەكانی یەمەن 22 كەسیان دەستبەسەر كردوە كە لەناو كەشتییە ئیسرائیلییەكە لە دەریای سوردا بون، ئاماژەی بەوەشكرد، تیمی كەشتییەكە و ئەوانەی لەناو كەشتییەكەدان لە ئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدان و ڕەگەزنامەیان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانی یەمەنەوە پشتڕاست دەكرێتەوە.
لە زاری سەرچاوەیەكی ئیسرائیلییەوە پشتڕاستیكراوەتەوە، حوسییەكان دەستیان بەسەر كەشتییەكدا گرتوە كە بەشێكی خاوەندارێتی كەشتیەكە بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە، بەپێی خەمڵاندنەكانی ئیسرائیل هیچ هاوڵاتییەكی ئیسرائیلی لەناو كەشتییەكەدا نییە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ڕفاندنی ئەو كەشتییە بارهەڵگرە لەلایەن حوسییەكانەوە لە نزیك یەمەن لە باشووری دەریای سوور ڕووداوێكی جیهانی مەترسیدارە.
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت كەشتیە ڕفێنراوەكەی ئیسرائیل توركیای بەجێهێشت بوو لە ڕێگەوە بوو بۆ هیندستان لەگەڵ تیمێكی مەدەنیی نێودەوڵەتی و هیچ كەسێكی ئیسرائیلی لەسەر كەشتیەكە نەبووە.