كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە، كە لە ماوەكانی داهاتوودا، باشتر كاندیدەكان و پۆستەرەكانیان دەپارێزرێن، ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە ئەمنییەكان ئەو كەسانەیان دەستگیر كردوە كە تۆمەتبارن بە دڕاندنی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن.
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمسیۆن، لە راگەیەندراوێكدا گوتی: "دەزگا ئەمنییەكان بەدواداچوون بۆ هەر هێرشێك دەكەن بۆ سەر پۆستەرەكانی هەڵبژاردن، بەڵام دوای ئەوەی سوودانی، ئەمەی پشتڕاستكردەوە، لیژنەیەكی باڵای ئەمنی پێكهێندرا بۆ پاراستنی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن و كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، "حكومەت و هێزە ئەمنییەكان سوورن لەسەر سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەروەها رێنماییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەرپێچییەكانی دڕاندنی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن كەمدەكاتەوە.
دەشڵێت: "لەماوەی داهاتوودا پرسی پاراستنی كاندیدەكان و پۆستەرەكانی هەڵبژاردنەكان باشتر دەبێت"، هەروەها لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پۆستەری هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان دڕێندراون، كە ئەو پێشێلكارییانە لەهەموو پارێزگاكاندا روویداوە، ئەویش تەنها بەرامبەر حزبێكی دیاریكراو یان هاوپەیمانی و كاندیدێكی دیاریكراو نەكراوە، بەڵكو هەموویان كراونەتە ئامانج.