وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، داخستنی كەمپی قۆرەتوی لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، وەك یەكەم كەمپ لە هەرێمی كوردستان كە لە دوای لە ساڵی 2014 و داگیركردنی شاری موسڵ بۆ ئاوارەكان دروستكراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سوپاسی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی كرد بۆ هاوكارییە گەورەكانی لە جێبەجێكردنی پلانی حكومەتی فیدراڵی بۆ كارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و داخستنی كەمپەكان.
وەزیری كۆچ و كۆچبەران جەختیشیكردەوە، هۆكارە ڕاستەقینەكانی ئاوارەبونی ناوخۆیی كۆتاییان هاتوە بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی كە لە بوارەكانی گەڕانەوەدا بەدەست هاتون.
ئیڤان فایەق جابرۆ تیشكی خستەسەر پێویستی كۆتاییهێنان بە تەواوەتی دۆسیەی ئاوارەبون لە زوترینكاتدا، بە دڵنیابون لە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو ئاوارانەی كە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا لە بارودۆخێكی سەختدا لە كەمپەكان دەژین.