محەمەد حەلبووسی ڕایگەیاند کە ناکۆکیيەکانی ئێستا بە گفتوگۆی نێوان ھێزە سیاسیەکان کە نوێنەرایەتی سەرەکی پرۆسەی سیاسی دەکەن، چارەسەر دەکرێن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد حەلبوسی پێشوازی کردووە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی.
ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی دیدارەکەدا، دواپێشھاتە سیاسیەکان، ھەروەھا کارکردن بۆ بەردەوامی سەقامگیری سیاسی تاوتوێ کراوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە میانی دیدارەکەدا، محەمەد حەلبووسی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی گفتوگۆ و چارەسەری ناکۆکيیەکانی ئێستا، ئەوەیش لەڕێگای پەیوەنديی نێوان ھێزە سیاسیەکان کە نوێنەرایەتی سەرەکی پرۆسەی سیاسی دەکەن.
ئەمەیش داوی ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنەکە ھەڵوەشاندەوە.
وەک کاردانەوەیەک دژبە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، نوێنەرانی پارتی تەقەدووم کە محەمەد حەلبوسی سەرکردایەتی دەکات لە حکوومەتی عێراق کە بریتیین لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، خالید بەتال نەجم و وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەکاک بەدرانی، دەستیان لەکارکێشایەوە.